«سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «ئیلهام عەلییەف» سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، سەرەخۆشی حکوومەت و خەڵکی ئێرانی بۆ ڕووداوەکەی باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران ڕاگەیاند.
سەرۆک کۆمار بەئاماژە بەئەرکی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و لێکدانەوەی ڕەهەندەکانی ئەم ڕووداوە، هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ گەل و حکومەتی ئازەربایجان دەربڕی.
ڕەئیسی هەروەها بە دەربڕینی ئەمەی کە پەیوەندیی دۆستانەو برایانە لەنێوان هەردوو نەتەوەی ئێران و ئازەربایجان لەسەر بنەمای پەیوەندییە کولتووری و مێژووییە لە پچڕان نەھاتووەکان دامەزراوە، ڕاشیگەیاند: حکومەتەکانی ئێران و ئازەربایجان ڕێگە نادەن پەیوەندییەکانی نێوانیان بکەوێتە ژێر کاریگەریی چەواشەکاریی ناحەزانی ھەردووک گەلەکەوە.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، «ئیلهام عەلییەف» سەرۆک کۆماری ئازەربایجانیش، سوپاسی «ڕەئیسی»ی کرد لەبەر هاوسۆزی دەربڕینی بۆ حکومەت و خەڵکی وڵاتەکەی و هەروەها هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە لە تارانی بە شتێکی چاوەڕواننەکراو لێکدایەوەو وتی: هاوکاریی نێوان هەردووک وڵاتەکە لەم بوارەدا دەبێ لە ئاستێکدا بێت کە کەس نەتوانێ بە بیانووی ڕووداوی لەم چەشنە ھەوڵی تێکدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان دوو وڵات بدات.
342/