تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە ئامادە بوونی سەربازیی وڵاتەکەی لە عێراق سەرەڕای دژایەتیی ئاشکرای حکومەت و خەڵکی ئەم وڵاتە، تەنها بۆ بەرپەرچ دانەوەی هەڕەشەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، بەڵام ڕەخنەگران لەو باوەڕەدان کە ئەنقەرە ئامانجی درێژخایەنی دیکەی لەم ئامادە بوونەی لە خاکی عێراق دا ھەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی تی ئاڕ تی، «خولوسی ئاکار» وەزیری بەرگریی تورکیا، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی شەڕی یەکلاکەرەوەی ئەنقەرە دژی تیرۆر، وتی: ئۆپەراسیۆنی «چنگ قفڵ» گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ و ناوچەی «زاپ» بە شێوەیەکی بەرچاو لە تیرۆریستان پاک کراوەتەوەو مۆڵگەو ئەشکەوت و پەناگەکانیان لەناوبران.
«ئاکار» لە درێژەدا بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە گوایە لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٥٠٦ خۆی وتەنی تیرۆریست کوژراون، هەروەها نزیکەی ٦٠٠ ئەشکەوت و پەناگە و زیاتر لە دوو هەزار مین و بۆمبای چێندراو دەستنیشانکراون و لەناوبراون و وتیشی: تورکیا هەمیشە ڕێز لە سنوورەکان و سەروەریی وڵاتانی دراوسێ دەگرێت بە تایبەت سوریا و عێراق.
342/