«فەیسەڵ میقداد» ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ئاماژەدان بە سەردانەکەی بۆ دیمەشق، وتیشی: ئەم کۆبوونەوانە لە دۆخێکدا بەڕێوە دەچن کە ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی بەردەوام بووەتەوە و وڵاتان لە بەرەوڕووی بەرتەسک کردنەوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لەم دیدارەدا باسمان لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان و پتەوکردنی هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا کرد بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کردەوە و سزا تاکلایەنە و نایاساییەکانی ڕۆژئاواییەکان.
فەیسەڵ میقداد وتیشی: هەماهەنگیی ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، نیشانەی پابەندبوونی ئێرانە بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی سووریا.
ناوبراو وتیشی: دیمەشق و تاران جارێکی تر جەخت لەسەر ڕاوەستان و پشتیوانی لە نەتەوەی فەلەستین دەکەنەوە و تاوانەکانی داگیرکەری زایۆنی و لایەنگرانی شەرمەزار دەکەن.
فەیسەڵ وتیشی: سوریا شەهیدان و دەستدرێژیی دوژمن بۆ سەر خاکی خۆی لەبیر ناکات و وەڵامی دەستدرێژیی ڕژێمی زایۆنی دەداتەوە.
هەروەها لەبارەی دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی سوریا و تورکیاش وتی: کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکانی سوریا و تورکیا پەیوەستە بە چارەسەرکردنی کێشە جێی ناکۆکیەکان.
فەیسەڵ میقداد وتیشی: بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی ئاست بەرز لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەنجام بدرێت، سەرەتا دەبێت کەشێکی گونجاو دابین بکرێت.
ڕاشیگەیاند: بەبێ کۆتایی داگیرکاری، ناتوانین باس لە گەڕانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بۆ بارێکی ئاسایی بکەین و هەر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سوریا ، کۆتایی هاتنی داگیرکاری و وەستاندنی پشتیوانی لە تیرۆریزم بێت.
342/