AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
شەممە

١٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٣

٤:٣٨:٣٣ د.ن
1338374

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: تاران و ڕیاز لەسەر بەردەوامیی دانوستانە دووقۆڵییەکان ڕێککەوتوون

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: تاران و ڕیاز لەسەر بەردەوامیی دانوستانە دووقۆڵییەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ڕێککەوتوون.

ڕۆژی سێھەمی ژانویەی ٢٠١٦، عەرەبستان بە بیانووی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانە و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە تاران و مەشهەد، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند.

ھەتا ئێستا پێنج خولی دانوستانی نێوان ئێران و عەرەبستان لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچووە.لە خولی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان لە بەغدا دیدێکی ڕوونتر بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەدی ھات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران کە سەردانی لوبنانی کردووە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەیروت وێڕای ڕایگەیاندنی ئەمەی کە ھەتا ئێستا پێنج خولی دانوستان لەگەڵ عەرەبستان بەڕێوە چووە، هیوای ئەوەی دەربڕی کە لە هەنگاوی یەکەمدا، کونسوڵخانەکانی ئەو دوو وڵاتە لە شارەکانی جەددە و مەشهەد بکرێنەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختی لەوەش کردەوە کە: لایەنی عەرەبستانی ئامادەکاریی پێویستی نەکردووە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان ، بەڵام تاران نیازو ئامانجێکی بەبڕشتانەی ھەیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران: ئەگەر خواستێکی بەبڕشتانە لە لایەنی بەرامبەردا ھەبێت،بەم زووانە پەیوەندییەکان ئاسایی دەبنەوە.

سەرۆکی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بە دانوستانەکانی هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانیش وتی : ئێران لە دانوستانەکانی هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان لە پرەنسیپ و هێڵی سووری خۆی پاشەکشە ناکات و لە هەمان کاتدا دیپلۆماسی بە باشترین ڕێگا بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتن دەزانێت.

342/