بە پێی ڕاپۆرتە سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان،«میدحەت سانجەر» هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ڕۆژی سێ شەممە لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە قسەی دەکرد،وتی: ئۆپراسیۆن و دۆسیەی دژ بە پارتەکەمان کاریگەری لەسەر هەمو کێشەکانی تورکیا هەیە. سەرۆکی داواکاری گشتی لە دادگای دەستوری بە زارەکی قسەی کرد. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەژماری ئێمە کە هاوکاریی دارایی بۆ دەنێردرا بلۆک کرا. ئەم پێشهاتانە نابێت تەنیا وەک گوشار لەسەر هەدەپە سەیر بکرێن. چونکە ڕێگا بۆ وێرانکارییەکی گەورە لە هەموو تورکیادا دەکاتەوە.
وتیشی: لە رۆژەڤی ئێمەدا پیلانگێڕی سیاسی و دەرئەنجامە قورسەکانی هەیە. ئەرکی ئێمەیە ئەم دۆخە روون بکەینەوە. دروشمی رەگەزی ئێمە ئەوەیە کە قسە کۆتایی نایەت، خەبات کۆتایی نایەت. هیچ شوێنێک نییە کە قسەکردن تێیدا کۆتایی بێت. دیالۆگ بۆ رازیکردن و پێکەوە کارکردن کۆتایی نایەت.
«میدحەت سانجەر» جەختی لەوەش کردەوە، هەدەپە یانزە ساڵ لەمەوبەر بۆ کۆکردنەوەی هەمو ناسنامە، بیروباوەڕ، رەنجدەران ،لاوان، ژنان و کرێکاران لە داهاتویەکی هاوبەشی کۆماری دیموکراتیکدا لەسەر بنەمای هاوڵاتییەکی یەکسان دامەزرا. هەدەپە خەباتی سیاسی خۆی لەگەڵ خەباتی کۆمەڵایەتی یەکخست و گەییشتە ئەمڕۆ، ئێستاش سەرەڕای هەمو جۆرە هێرشێک، لەسەر پێیە و رۆژ بە رۆژ گەورەتریش دەبێت.
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە بارەی ھەوڵ و چالاکیی ھاوبەشیش وتی: هەدەپە لەگەڵ هەمو هێزە سۆسیالیستە دیموکراتیکەکان و شۆڕشگێڕەکان لە تورکیا، لەگەڵ ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان، ژنان و گەنجان خەبات و کاری هاوبەش دەکات و لە ئێستاش دا بووەتە هیوای گۆڕانکاری بۆ ملیۆنان کەس.
342/