AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
دووشەممە

٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٣

٢:٣٧:٢١ د.ن
1337114

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: ئامانجی ئاژاوەگێڕییەکان لەناوبردنی خاڵە بەهێزەکانی وڵات بوو نەک نەهێشتنی خاڵە لاوازەکانی

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕایگەیاند: ڕووداوە گۆڕان چێکەرەکانی مێژوو یان داگری ئەزمونی فێرکاریی گەورەن و یان نەریتێکی ئیلاهی دەستەبەر دەکەن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە، لە ساڵیادی ڕاپەڕینی مێژوویی خەڵکی قوم لە ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٥٦ (٩ی ژانویەی ١٩٧٨)، لە کۆبوونەوەی خەڵکی ئەم شارەدا، زیندوو ڕاگرتن و وانە فێر بوون لە ڕووداوی گەورەی ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٥٦ی بە پێویست زانی وتی:

ئەو بزوتنەوە مەزنەی کە بە پێشەنگایەتیی خەڵکی بڕوادارو شۆڕشگێڕی قوم لە سەرتاسەری وڵات دەستی پێکرد، ئامانجەکەی ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری و دەرهێنانی ئێران لە قوڕگی ڕۆژئاواو گەڕاندنەوەی شوناسی مێژوویی و ئیسلامیی وڵات بوو، چونکە ئێران لە سەردەمی پەهلەوی لەژێر دەستەڵات و باندۆروی کولتووری ھەڵەو هەژموونی سیاسی-سەربازیی ئەمریکادا پێپەست کرا بوو.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بەرگریی پیرۆزی وەک نموونەیەکی درەوشاوەی ئاکام وەرگرتنی خەڵک لە هەستی ئەرکمەندی و خۆتێگەیاندنی بەجێ و خۆ لە قەرەی مەترسی دان لێک دایەوەو وتی: سەدام دیکتاتۆری لەنێوچووی عێراق بە پشتیوانیی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت و ناتۆ و وڵاتانی کۆنەپەرست و بە مەبەستی دابەشکردنی ئێران ھێرشی کردە سەر ئەم وڵاتەو کەچی ئێران لەم شەڕەی (ئەحزاب)دا سەرکەوت و ھیچیان پێ نەکرا و تەنانەت بستێکی خاکی ئێرانیشیان بۆ جیا نەکرایەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەرکەوتنی شۆڕش و ڕزگارکردنی ئێرانی لە ژێر ڕکێف و  هەژموونیی قورسی ئەمریکا بە هۆکاری سەرەکیی دوژمنایەتی لەگەڵ حکومەتی ئیسلامی ھێنایە ئەژمارو ئاماژەی بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەیەکی نهێنی لە ناوەندێکی بەناوبانگی ئەمریکی کرد سەبارەت بە فەرمانی ئەوکاتەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، «جیمی کارتەر» بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، ئەویش تەنها ١٠ مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕش و، وتی: بە پێی ئەم بەڵگەنامەیە، کارتەر فەرمان بە سی ئای ئەی دەکات کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ و ئینجا یەکەم ستراتیژیەکیش کە بۆ ڕوخاندنەکە دەستنیشانی دەکات بەکارهێنانی پڕوپاگەندەیە.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئامانجی داڕێژەرانی ئاژاوەکانی ئەم دواییەی شیکردەوەو وتی: دەستی دوژمنی دەرەکی لەم ڕووداوانەدا بە تەواوی دیار بوو و ئەمەش ھەتا دەڵێین (دەستوەردانی دوژمنی بیانی) هەندێک کەس حاشای لێ دەکەن و دەڵێن ئەم ڕووداوانە خەتای تۆیە، ڕاست نییە.

بەڕێزی وێڕای ئاماژە کردن بۆ ئەو ڕۆڵە ئاشکراو چاوپۆشی لێنەکراوەی ئەمریکی و ئەوروپییەکان لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا، وتیشی: گرنگترین ئامرازی دوژمن لەم ئاژاوەگێڕانەدا پڕوپاگەندە و ئاڵۆزاندن ورووژاندن لە ڕێگەی فەزای ئەلیکترۆنی و میدیای ڕۆژئاوایی و عەرەبی و عیبریەوە بووە.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە تیشکی خستە سەر بە ئامانجگرتنی خاڵە بەهێزەکانی وەک ئاسایشی وڵات و پەکخستنی پێشکەوتنی زانستی بە داخستنی ناوەندە پەروەردەیی و زانستییەکان و ڕاگرتنی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی و هەروەها ڕاگرتنی پرسە ڕوو لە گەشەکانی وەک گەشتیاری و وتیشی: ھەڵبەت دیارە گومانی تێدا نییە کە کێشەی ئابووری و بژێوی ژیان لەئارادایە، بەڵام ئایا دەتوانرێت ئەم کێشەیە بە سووتاندنی سەبەتەی زبڵ و ئاژاوەی سەر شەقامەکان چارەسەر بکرێت؟ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وتیشی: بێ گومانم لەوەی کە  ئەم کارانە خەیانەتن و دیارە دامودەزگا بەرپرسەکانیش بەبڕشتانەو دادپەروەرانە لەگەڵ خەیانەت ھەڵس و کەوت دەکەن.

342/