AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
چوارشەممە

٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٣

٧:٣٩:٣٥ د.ن
1336087

مامۆستایانی ئایینی فەتوایەک بۆ پاراستنی گیان و ماڵی دانیشتووانی پشدەر دەر دەکەن

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای ھەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی ھاوڵاتیانی ناوچەی پشدەر فەتوایەکی لە پێنج بڕگەدا دەرکرد.

بە گێڕانەوە لە ژێدەرەکانی ھەرێمی کوردستان، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌ هاوڵاتیان لە ناوچەی پشدەری ھەرێمی کوردستانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ حوکمی کڕین و فرۆشتن به‌ قاچاغ له‌ سه‌ر سنوره‌کان و به‌ تایبه‌ت له‌سنوره‌کانی چیای قه‌ندیل پرسیاریان له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توا کرد، ئەم ئەنجومەنە فەتوایەکی دەکرد کە ناوەڕۆکەکەی خۆی لە نەھی کردنی کاری قاچاخ لەو ناوچەیەدا دەبینێتەوە بە حوکمی ئەوەی کە دەبێتە ھۆی دروست بوونی مەترسی بۆ سەر گیان و ماڵی خەڵکی ئەو ناوچەیە.

ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای ھەرێمی کوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌(12) له‌ به‌رواری 13/12/2023 دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌و مه‌به‌سته‌کانی شه‌ریعه‌ت و به‌ ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی ئه‌ندامەکانی وەھا ئاکامی وەرگرتووە کە،یەکەم :به‌پێی ده‌قه‌کانی شه‌ریعه‌ت هه‌ر کارو کاسبیه‌ک ببێته‌ مه‌ترسی له‌ سه‌ر ژیانی مرۆڤ یان که‌مئه‌ندام بوونی، یان ئه‌وه‌نده‌ ھات و نەھاتی تیادا بێت کە ببێته‌ مایه‌ی له‌ناوچوون و فه‌وتانی گشت، یان زوربه‌ی سه‌روه‌تی مرۆڤ ئه‌وه‌ ئه‌و کارو کاسبیه‌ ده‌بێت به‌حه‌رام له‌ جۆری (الحرام لغیره)، مامه‌ڵه‌که‌ش ناشه‌رعییه‌و خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا ڕێگری لێکردووه‌ کە نمونەکەی بە ئاشکرا لە ئایه‌تی ١٩٥ی سوورەتی بەقەرەدا ھاتووە. ھەڵبەت ئەو ھەڵاواردنەش بۆ ئەوانەی ناچار بن و ھیچ کارێکی دیکەیان پێ نەکرێت بۆ دابین کردنی بژیوی خۆیان و بنەماڵەکەیان و لایەنی سەلامەتیی کارەکەش لە پێچەوانەکەی زیاتر بێت، ڕەچاو کراوە.

ھەروەھا ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای ھەرێمی کوردستان ئاوڕی لە ڕەھەندێکی دیکەی زیانبار بوونی کاری قاچاخ لەو ناوچانەدا داوەتەوەو بەو پێیەی کە ھێندێک جار ھەوڵی ھێنانی مەڕوماڵاتیش دەدرێت و بە سەرنجدانی دۆخەکە جاروبار یان مەڕو ماڵاتەکە تیا دەچن و یان خاوەنەکانیان گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە،ھەر بۆیە لە فەتوای ئەنجومەنەکەدا بڕگەکانی دیکەش بۆ زیانەکانی ئەم جۆرە سات و سەودایە تەرخان دراوەو لە بڕگەی دووھەم دا ھاتووە: به‌ پێی یاسا گشتیه‌کانی شه‌ریعه‌ت نەھێشتنی زیانه‌کان له‌ چاو به‌ده‌ستهێنانی قازانجه‌کان فەرزترو ئەوبەرترە و ئینجا وەک سێھەم بڕگەش باسی ئەوەی کردووە کە، لە لایەکی دیکەوە ڕه‌چاوکردنی مافی ئاژه‌ڵان و بێ زمانان واجبێکی شه‌رعیه‌و پێویسته‌ جێبه‌جێ بکرێت، تەنانەت پێغەمبەری سەرداریش فەرموویەتی:(اتقوا الله فی هذه البهائم) واتە ترسی خوداتان ھەبێت و پێیاندا ڕابگەن.

لە دوایین بڕگەی فەتواکەی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای ھەرێمی کوردستانیش دا ھاتووە: هه‌رکه‌سێکیش ببێته‌ هۆکار بۆ ئه‌و جۆره‌ کارانه‌ و خه‌ڵکی بنێرێت وه‌ک کرێکار یان شوان یان خه‌ڵکی ناچار بکات بۆ ئەو‌ جۆره‌ کارانه‌ ئه‌وا گوناهبار ده‌بێت و هه‌مان حوکمی هه‌یه‌.

342/