AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
سێشەممە

٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٣

٧:٢٧:٥٤ د.ن
1335796

فراکسیۆنى گۆڕان داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات چیتر "ئاستەنگی" بۆ کارەکانی پەرلەمان دروست نەکەن

فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى ھەرێمی کوردستانی عێراق رەخنە لە پەکخستنی کۆبونەوەکانی پەرلەمان دەگرێت و داوا دەکات دامەزراوەی یاسادانان لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە کێشەکانی خەڵک و پرسی هەڵبژاردن کۆبونەوەکانی دەست پێ بکاتەوە.

«گوڵستان سەعید» سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستانی عێراق ڕۆژی دووشەممە لەلێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەی ئەوەشی خستوەتەڕوو، ناتەبایی و ناکۆکىی نێوان پارتى و یەکێتى هەمیشە بووەتە گرفت و ئاستەنگێکى گەورە لەبەردەم کارەکانى پەرلەمانى کوردستان دا.

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە ، لەکاتێکدا پەرلەمانى کوردستان شوێنى نوێنەرانى خەڵکى کوردستانە بە پێکهاتە و رەنگە جیاوازەکان و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ڕایگەیاندووە: بەڵام لە ئێستادا پەرلەمان بێ ڕۆڵ کراوە و پارتى و یەکێتى ھەرکاتێک بیانەوێت کۆبوونەوە رێکدەخەن و بەرنامەى کار دادەنێن، هەرکاتێکیش ناتەبا بن دادەنیشتن و کارەکان پەک دەخرێن.

ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە رۆڵ و کارى پەرلەمان بە ئامانجى ئەوە بێت خزمەت بە خەڵکى کوردستان و چارەسەرىی کیشەکان بکات و دانیشتن بکرێت لەسەر ئەو یاداشتانەى لە رابردودا پێشەکەش کراون پەیوەست بە گرانى نرخى سوتەمەنى، دابینکردنى سوتەمەنى بۆ هاوڵاتیان، پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران، هەموارى یاساى وەبەرهێنان، خانەنشینىی ئاسایش و ناوخۆ و کاراکردنەوەى کۆمیسیۆن و یاساى هەڵبژاردن.

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان دەشڵێت، دەبوایە پەرلەمان لەسەر هەمو ئەو بابەتانە هەڵوێستى جددىی هەبوایە و دانیشتنى پەرلەمانی ئەنجام دابایە، نەک ئەوەى کۆتا مانگى ساڵى رابردو بەبێ دەنگى و بێ هیچ کۆبونەوەیەک تێپەڕێنێت.

342/