AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
سێشەممە

٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٣

٧:٢٥:٥٨ د.ن
1335792

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران: پەیڕەوکردنی قوتابخانەی سەردار سولەیمانی پەیڕەوکردنی لۆژیکی بەڕێوەبەرایەتییە

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران وتی: پەیڕەوکردنی قوتابخانەی شەهید سەردار قاسم سولەیمانی بە واتای پەیڕەوکردنی لۆژیکی بەڕێوەبردن و پرەنسیپەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی ئەو بەڕێزەیە.

«محەمەد باقر قاڵیباف» سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، وێڕای ڕێزنان لەساڵیادی شەهیدبوونی سەردار سولەیمانی، وتیشی: پێشەنگ بوونی حاج قاسم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە، ھەنگاونانی بێ دڕدۆنگی و بەردەوام بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕیی دوژمن لەو تایبەتمەندییە دیارانەی بوو.

سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانانی ئێران وتیشی: ئەرکناسیی سەردار سولەیمانی هاوکات لەگەڵ بوێری و ناسیاریی مەیدانی، چارەسەر کردنی کێشەکانی بۆ ئاسانتر دەکرد و بەسەرنجدانی ئەوەی کە هەموو هەوڵ و چڕبوونەوەیەکی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گشتی بوو، لە پلەی یەکەم دا هەموو خەڵکی لە بەرچاو دەگرت و  پۆلێنی نەدەکردن و لە پلەی دووھەمیش دا هەموو توانا ھزری و مەیدانی و سەربازی و دیپلۆماسییەکانی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی بەکاردەهێناو ڕەنج و زەحمەتی خەباتی لەپێناو ئاسایش و ئاسوودەیی خەڵک بە گیان و دڵ قەبووڵ کرد بوو.

قالیباف ڕوونیشی کردەوە: ڕەوتی خۆڕاگری بە فیداکاری و گیان بەخت کردنی خەڵک و ئەو شەهیدە پلە باڵایە ژیانێکی تازەی وەبەردا ھات و ئەمڕۆش بەربەستێکی بەهێزە لە بەرامبەر ھەوڵی تێکدەرانەی ئەمریکا و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنییە و بێ گومان ئامانجی سەردار سولەیمانی واتە ڕزگارکردنی قودسی پیرۆز و بڕینی تۆکمەوتەواوی دەستی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەم زووانە دێتە دی.

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە: سەردار سولەیمانی ئەرکی خۆی بەرامبەر بە نەتەوەی ئێران و ئومەتی ئیسلامی بەجێ ھێناوەو خوای گەورە ناوو یادو جوڵانەوەی ئەوبەڕێزەی بەرەکەت پێ بەخشی و کردی بە ڕێ ڕوونکەرەوە.

ئەمڕۆ سێ شەممە سێھەمی ژانویەی ٢٠٢٣ ڕێککەوت لەگەڵ ١٣ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠١ی کۆچیی ھەتاوی، ساڵگەڕی شەھید بوونی سەرداری سپەھبۆد «قاسم سولەیمانی» فەماندەری لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و ڕۆژی جیھانیی خۆڕاگرییە.

342/