AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
ھەینی

١٦ کانونی یەکەم ٢٠٢٢

٧:٣٦:٥٠ د.ن
1331325

پەرلەمانتارێکی ھەدەپە : بۆ داکۆکی لە «ئیمام ئوغلو» پێویست ناکات سەربە «جەھەپە» بیت، بەڵکو پێویستە خاوەن ویژدان بیت

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی گەلان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگا دژی «ئەکەرەم ئیمام ئوغلو» ھەڵوێستی وەرگرت و ڕایگەیاند: ئەو بڕیارەی بۆ «ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو» دەرکراوە سیاسی و بڕیارێکی نایاساییە، بۆ ره‌خنه‌گرتن لەو بڕیارەش پێویست ناکات سەربە «جەهەپە» بیت، بەڵکو تەنها پێویستە خاوەن ویژدان بیت.

بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی ھەواڵدەریی ئانادۆلۆ، «عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو» پەرلەمانتاری کۆجاعەلیی سەربە «هەدەپە» لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: ئەو بڕیارو چالاکی لێ قەدەغەکردنەی کە بۆ «ئەکرەم ئیمامئۆغڵو» سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمۆڵ دەرکراوە، جێی قبوڵ کردن نییه‌.

ئەم پەرلەمانتارەی سەر بە  پارتی دیموکراتی گەلان جەختی لەوەش کردەوە کە، بۆ ره‌خنه‌گرتن لە بڕیاروحوکمەکەی دژبە «ئیمامئۆغڵو» پێویست ناکات سەربە جەهەپە بیت ، بەڵکو تەنها پێویستە خاوەن ویژدان بیت.

«عومەر فاروق» بە ھێنانە ئارای ئەم بابەتەی کە دادگا لە ژێرهه‌ژموونی دەسەڵاتدایە، وتیشی: ئەو سزایەی کە بۆ «ئیمام ئۆغڵو» داوا دەکرێت ئەگەر یەکلاییش نەکرابێتەوە، ئه‌وا زۆر بە ئاشکرا جوڵانەوەیەکە بۆ رێگری کردن لە سیاسەتمەداران.

وتیشی: بۆخۆم وەکو پەرلەمانتارێک کە کاریگەریی بڕیارێکی سیاسیم له‌سه‌ربووه‌، لەو باوەڕەدام کە ئه‌م بڕیاره‌ بە ھیچ جۆرێک جێگای پێمل بوون و قەبووڵ کردن نییه‌.

ئەم په‌رله‌مانتاره‌ی هه‌ده‌په‌ داکۆکی له‌وه‌ش کردەوە که‌، سەدان کەس بە فەرمانێک بەبێ یاسا رووبەڕووی دادگایی کردن بوونەتەوە و لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا لە چوارچێوەی دوو ملوێن لێکۆڵینەوەی تیرۆردا دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد دادگایی کراون ، تەنانەت دەست بە دەرکردنی بڕیاری نایاسایی لە دژی جەهەپەش کرا.

ئەم نوێنەرەی جەماوەری کوجاعەلی ڕوو لە پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشەی تورکیا وتیشی: لەوانەیە لە ئێستادا لەبەر ھێندێک نیگەرانی سه‌باره‌ت به‌و بڕیارانە  بێدەنگە بکرێت، بەڵام دیارە، سبەی یان دووسبه‌ی ئەمانە هەمووی رووبەڕووی خۆتان دەبێتەوە. ھەڵبەت ئێمە نیگەرانی ئەوە نین کە سبەی چی روودەدات، ھەر بۆیە زۆر بەڕوونی و ڕاشکاوانە دەڵێین کە ئەو بڕیارەی بۆ بەڕێز «ئەکرەم  ئیمام ئۆغڵو» دەرکراوە بڕیارێکی سیاسی و بە تەواوی نایاساییە.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، دادگای تورکیا سزای زیاتر لە دوو ساڵ زیندانیکردن و قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسیی بەسەر «ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو» سەرۆکی شارەوانیی ئەستەمۆڵ و ڕکابەری سەرەکیی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیادا سەپاند.

342/