کۆنفرانسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی دوو ڕۆژە ئێوارەی دوێنێ لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن کۆتایی هات و لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا بەشداربووان سەردانی مۆزەخانەی یادەوەریی ئاشتی هیرۆشیمایان کرد.
بۆردومانی ئەتۆمیی هیرۆشیما و ناگازاکی لەلایەن ئەمریکاوە لە ٦ و ٩ی ئابی ١٩٤٥ نزیکەی ٢٢٠ هەزار قوربانیی لێکەوتەوە.
گەلی ژاپۆن ھەروەھا یادەوەریی بوردومانە ئەتۆمییەکانی هیرۆشیما و ناگازاکی لە ساڵی ١٩٤٥ لەلایەن بۆمب هاوێژە ئەمریکییەکانیان لەبیر نەکردووە و هەمیشە ڕق و کینەی خۆیان بەرامبەر بەم تاوانە دژە مرۆڤایەتییە ڕاگەیاندووە.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی تەلەفزیۆنیی «ئێن ئێچ کەی»ی ژاپۆن، «کیشیدا فومیۆ»، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: هیوادارین گفتوگۆکان لەم ڕووەوە فراوانتر بکەین و لە کۆبوونەوەی ساڵی داهاتووی گروپی حەوت دا پەیامێکی بەهێز و ڕوون بۆ جیهان سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی دەنێرین.
«شیریاشی تاکاشی»، پسپۆڕی پرسە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی ژاپۆن، هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بابەتی جۆراوجۆر، لەوانە ئەوەی کە بۆچی داماڵینی چەکی ئەتۆمی جێگەی سەرنجی هەموو لایەکە، تاوتوێ کران.
پرسی داماڵینی چەک و بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی یەکێک لەو پرسە گرینگانەی جیهانە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامانجی ئاشتی و ئاسایش و ڕزگاریی جیهان لە چەکی کۆمەڵکوژ گرنگییەکی زۆری پێدەدات و ڕۆڵی کارا دەگێڕێت لەم بوارەدا.
342/