بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، بەگوێرەی نوسراوێک، کە واژۆی «هادی سەلامی» پەرلەمانتاری عێراقیی لەسەرە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی کراوە، «ئیحسان عەبدولجەبار» وەزیری نەوتی عێراق، سەرکەوتو نەبووە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵ و بە شێوەیەکی فەرمی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە بۆ رادەستکردنی نەوتی خاوی هەرێم، ئەمەش تاوانێکی بەمەبەستە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاکە.
رونیشی کردووەتەوە: ئەوەی وەزیری نەوت کردویەتی، بەگوێرەی ماددەی (٣٢٩)، جێبەجێ نەکردنی بڕیاری دادگایە بە شێوەی بەمەبەست و زیان گەیاندنە بە دارایی وڵات بە شێوەیەکی بەمەبەست بەگوێرەی ماددەی(٣٤٠) کە دیارە ئەمەش وەک تاوان سەیر دەکرێت.
هاوکات لە نوسراوەکەدا داواکراوە، داوای یاسایی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی ئەو وەزیرە و فەرمانبەرانی وەزارەتەکە بگیرێتە بەر، بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە سامان و پارەی گەل و بەگوێرەی دەقەکانی دەستور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵ.
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ لە بارەی فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری دا کە نادەستورییە و پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندی رێکەوتنەکان بێت و داهاتەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات. هاوکات، داواشی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی کرد چاودێریی سەرجەم گرێبەست و وردەکارییەکانی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم بکەن.
342/