AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : sahartv
شەممە

٢٣ نیسان ٢٠٢٢

٥:١٣:٠٦ د.ن
1250872

یەکەم شەوی قەدری پیرۆز ڕێککەوتە لەگەڵ زەبر وێکەوتن و پێشەکیی شەھیدبوونی ئیمامی دادگەری عەلی(ع).

ئەمشەو نۆزدەھەمین شەوی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە، ئەمشەوە مەزن و شکۆمەندە سەرەتاو سەردەلیلەی شەوە پیرۆزەکانی قەدرە. ئینجا شەوی قەدریش ئەو شەوەیە کە بەدرێژایی ساڵ شەوێک بە باشی و فەزیلەت و گەورەیی ئەم شەوە لە ئارادا نییە. ھەرچەشنە کردارێکی ئەرێنی و چاکەکارانە لەم شەوەدا لە ھەزار مانگ باشترە و تەقدیری کاروباری ساڵ ئالەم شەوەدا دیاری دەکرێت و فریشتەکان و ڕۆح کە ئەعزەم و گەورەی فریشتەکانی ئیلاھییە لەم شەوەدا بە ئیزنی پەروەردگاردا ئەبەزن.

وشەی قەدر چەمک و واتای جۆربەجۆری ھەیە وەکوو قودرەت و دەستەڵات و یاخود قەدەر و ئەندازە،یان یەکسان بوونی شتێک لەگەڵ شتێکی دیکەدا بەبێ کەم و زۆر، بەڵام ئەمەی کە کامەشەوی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز شەوی قەدرە جیاوازیی بیروڕا زۆرە. بەڵام ئەوەی کە لەگەڵ سوننەتی پێغەمبەری سەردار یاخودڕیوایاتی ئیمامانی مەعسوم(ع) دا یەک دەگرێتەوە ئەمەیە کە  شەوی قەدر لە دەھەی کۆتایی مانگی ڕەمەزان دایەو وەک دەیگێڕنەوە یەکێک لە شەوەکانی ١٩ یان بیست و یەک و بیست و سێ یەو ئینجا وەک دەڵێن لەنێو ئەم سێ شەوەش دا شەوی ٢٣ ھەگەری زیاترە کە شەوی قەدر بێت. لە بارەی فەزیلەتەکانی شەوی قەدرەوە دەبێ بڵێین کە شەوی قەدر شەوی دابەزینی یەکسەرەو وێگڕای قورئانی پیرۆز لە بیت المعمورە کە بەشێوەی بەرەبەرە ماوەی ٢٣ ساڵ بەسەر دڵی موبارەکی پێغەمبەردا دابەزیوە. لە شەوی قەدردا دەرکەکانی دۆزەخ دادەخرێن و دەرکەکانی بەھەشت دەکرێنەوەو شەیتان ئالەم شەوەدا ھەتا ئەنگوتنی بەیانی خۆی دەرناخات و دەرکەکانی ڕەحمەتی ئیلاھی لە ڕووی بەندەکانی دەکرێتەوەو بەگشتی ئەم شەوە شەوی قەبووڵ کرانی کارو کردەوەی خێروخێرومەندانەوعیبادەتی پاک­و نیازپاکانەیە.

ھەر کردەیەکی خوداپەسەندانە لەم شەوە پیرۆزەدا بەرامبەرە لەگەڵ ئەو کردەوانەی کە مرۆڤ لە ماوەی ھەزار مانگی ئاسایی دا ئەنجامی دەدات، ئینجا چەندە چارەڕەشن ئەو لەخودا بێ خەبەرانەی کە لەباتی قۆستنەوەی ئەم شەوە پیرۆزانەو ئەنجام دانی کار خێرو ئیحسان ھەوڵ بۆ پطاندن و چاندنی تۆوی نیفاق و بەلاڕێ دا بردنی دین و دووبەرەکی سازکردن و چەواشەکاری و خوێن ڕشتن دەدەن. دیارە ئاوا کردارگەلێکی دزێوو ناحەزیش تەنیا تایبەتی ئەم چاخ و سەردەمەی خۆمانەوە نییە کە بەناوی خوداوپێغەمبەرو بەناوی ئیسلامی پیرۆزو ئاسمانییەوە کە ئایینی سەلام و ئاشتییە خەریکی کوشت و بڕی خەڵک و تەقاندنەوەی مزگەوت و گڵکۆی کەسایەتییە پیرۆزەکانن­ویان دەبن. بەڵکو ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو دیاردە دزێوانەی وا ئەمڕۆکە لە جیھانی ئیسلام دا سەری ھەڵداوە لە ڕاستی دا درێژەی ھەمان جاھیلییەت سەردەمی بەرلە ھاتنی ئیسلامە کە بەداخەوە تەنانەت ئەم ئایینە ئاسمانییەش نەیتوانی بۆ ھەتاھەتایە بنەبڕی بکات و سەرچاوەکەی ویشک بکات و بەتایبەتی لەپاش وەفاتی حەزرەتی خاتمی ئەنبیا(ص) زەقتر بووەوەو ھەتا بەلاڕێ دا بردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام چووە پێشەوە. یەکێک لەو ڕووداوە تاڵانەی مێژوو کە دەرەنجامی ھەرئەم بیرتەسکی­و بیرویشکییەی دەستەیەکی خۆبەموسڵمان زانی لەخودا بێ خەبەرە پیلانی شەھید کردنی ئەمیری موئمینان حەزرەتی عەلی(ع)  کە لە شەوی نۆزدەی ڕەمەزان دا و ھاوکات لەگەڵ دەست پێ بوونی شەوانی پیرۆزی قەدر ئەنجامی گرت. لە ئاوا شەوێکدا حەزرەتی عەلی(ع) لە حاڵێکدا کە قامەتی نوێژی دابەستبوو لە لایەن خەواریجێکی سەردەمی لەدین نائاگای خۆی بەناوی ئینی مولجیم و لە ھۆزی موردای دەدێتە بەر پەلاماری شمشێرو سەری موبارەکی نوقمی خوێنە پیرۆزەکەی دەبێ. سەرباری ئەوەش کاتێک کە خەڵک ھێرش دەبەنە سەر خەواریجی بکوژ کەچی ئەو حەزرەتە ماوەی کوشتنی ناداو داوا لەخەڵک دەکات ھەتا دیاری کرانی چارەنووسی خۆی وازی لێ بێنن و ھیچ ئازارێکی پێ نەگەیەنن، بەڵام ئەگەر ھات و بۆحۆی شەھید بوو بەس وەکوو قیساس زەبرێکی شمشێری لێ دەن و ھەرگیز نەیکەن بەدوو زەبرو ستەمی لێ نەکەن. بەڵێ ئازیزان ئابەمجۆرە زەبرلە ڕەئس و لوتکەی عەداڵەت و دادگەری دەکەوێ و لە پاش چەند ڕۆزێک ئوممەتی ئیسلام داخ و پەژارەی لەکیس دانی مەزھەرو ھێمای عەدڵ و داد بەخۆیەوە دەبینێ و نوقمی مەراقێکی ھەتاھەتایی دەبێت.

342/