AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : sahartv
سێشەممە

٢٢ ئازار ٢٠٢٢

٦:٣١:٤٩ ب.ن
1241374

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: گەلی ئێران لە خەباتی دژی ئیستیکبار ھەڵبژاردنەکەی دروست بووە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە کێشەکانی جیھان بە تایبەت لە ئەفغانستان و ئۆکرانیا و یەمەن پێی داگرت: تەواوی ئەم ڕووداوانە دەربڕی حەق بوون و ھەڵبژاردنی دروستی گەلی ئێران لە خەباتی دژی ئیستیکبارە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی، ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکی ڕاستەوخۆو تەلەفزیۆنی دا لە یەکەم ڕۆژی ساڵی ١٤٠١ وێڕای پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزو دەستپێکی سەدەی تازە، وێڕای ئاماژە کردن بەو ڕووداوە جۆربەجۆرانەی جیھان کە لە ئێستا خەریکن دەقەومێن و پێویستیان بە تەگبیرو جوڵانەوەو بڕیارو ھەنگاوھەڵگرتنی دروستە، وتی: کاتێک کە ئاور لە کێشەو ئالنگارییەکانی ئێستای دنیا دەدرێتەوە، حەق و ڕاست بوونی گەلی ئێران لە بەرەوڕوو بوونەوەی بەرەی ئیستیکبار زیاتر لە ھەر کاتێکی تر ئاشکرا دەبێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ھەڵبژاردنی گەلی ئێران لە بەرامبەر بەرەی ئیستیکبار، خۆڕاگری، بەچۆک دا نەھاتن و پێوە نەبەستران و پاراستنی سەربەخۆیی و ھێزمەندکردنی دەروونیی نیزام و وڵات بوو، جەختی کرد: ئەو بڕیارانە ھەر ھەمووی نیشتیمانی و دروست بوون.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە خوداوەندی مەزن بەستێنی ھیوای بۆ گەلی ئێران خۆش کردووە، وتیشی: بھێڵن با دوژمنان لە ھیواداریی گەلی ئێران توڕە ببن.

بەڕێزی وێڕای ئاماژە کردن بە ڕووداوەکانی وڵاتی چەوساوەو موسڵمانی ئەفغانستان و ستەم و شێوازی کشانەوەی ئەمریکییەکان دوای بیست ساڵ چەپۆکەسەرەو دڕندایەتی وتی: کێشەکانی ئۆکرانیاش ھەر نمونەیەکی دیکەیە کە سەرۆک کۆمارەکەی وا بە ھۆی ڕۆژئاواییەکانەوە ھێنراوەتە سەر کار بە شێوەیەکی توندوتیژ لەگەڵیاندا دەئاخوێ.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی، ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕووداوەکانی یەمەن و بوردومانی ھەموو ڕۆژەی جەماوەری خۆڕاگری ئەم وڵاتەو لە لایەکی دیکەوە ھەنگاوەکەی عەرەبستانی سەعودی لەمەڕ مل پەڕاندنی ٨٠ لاوو تازەلاو جەختی کرد: تەواوی ئەم ڕووداوانە دەربڕی تاریکایی زاڵ بوو بە سەردنیاو دەستەڵات گرتنی ئەو گورگە خوێنمژانەیە کە خۆیانیان بە سەر جیھاندا سەپاندووە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی، ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئاشکرا بوونی ڕەگەزپەرستی لە ڕۆژئاواشی بە سوچێکی دیکەی کێشەی ئۆکرانیا زانی و وتی: جیاکردنەوەی ڕەش پێشتەکان لە سپی پێستەکان و دابەزاندنیان لە شەمەندەفەرەکان و یان داخ و مەخابن دەربڕینی ڕۆژئاواییەکان لە میدیاکانیاندا لە بارەی ڕوودانی شەڕ لە ئەورووپا لە باتی ڕۆژھەڵاتی ناڤین، نمونەی ڕەگەزپەرستیی ئاشکران.

بەڕێزی نمونەیەکی دیکەی دووفاقانە جوڵانەوە لە دنیای ڕۆژئاوای لەمەڕ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ستەم و زۆرداری لە وڵاتاندا ئاشکرا کردو وتیشی: ئەگەر ستەمێک لە وڵاتانی گوێ لە مستیاندا ڕوو بدات قەت کاردانەوە لە خۆیان پیشان نادەن و بەو ھەموو ملھوڕی و زۆردارییە کەچی بانگەشەی مافی مرۆڤیش دەکەن و بەو بانگەشە دروۆنەیەش باج لە وڵاتانی سەربەخۆ دەخوازن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی، ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی پێشی داگرت: ئەمڕۆ لە ڕیزی ڕیسواترین و ئاشکرا ترین قۆناغەکانی مێژووی سەردەمە لە ڕووی ستەم و ئیستیکبارەوەو خەڵکانی دنیاش ڕاستەوخۆ خەریکی بینینی ئەم ھەموو ستەم و دووفاقییەن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی، ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ھەروەھا لە درێژەی وتەکانی دا وێڕای وەبیرھێنانەوەی پێداگرییەکانی ساڵی ڕابردووی لە سەرەتای ساڵ دا لەبارەی خۆبواردن لە گرێ دانی ئابووریی وڵات بە بایکۆتەکانی ئەمریکاو وتنی ئەمەی کە «ھەتا بایکۆت مابێ دۆخەکە ھەروا دەبێت» جەختی کرد: بەختەوەرانە سیاسەتی تازە لە وڵات دا ئەوەی دەرخستووە کە دەکرێ سەرباری بوونی بایکۆتەکانی ئەمریکاش پێشکەوتن دەستەبەر بکرێت، بازرگانیی دەرەکی برەوی پێ بدرێت و گرێبەستی ناوچەیی مۆربکرێ و لە بواری نەوت و بابەتگەلی دیکە دەستکەوت بەدی بھێندرێت.

بەڕێزی وتیشی: ھەڵبەت دیارە قەت ناڵێم بە دووی ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانەوە مەبن و ئەوانەی وا لەم بوارەدا خەریکی ھەوڵ دانن، پێ و شوێنی چالاکییەکانیان بگرن، بەڵام با بنەما ئەمە بێت کە وڵات بەجۆرێک بەڕێوە ببردرێت کە بایکۆتەکان نەتوانن زەبرێکی بنەڕەتی و زیانێکی قورس بە ئابووری بگەیەنن، ھەر بۆیە ئەمساڵیش ھەمان ڕاسپاردە دووپات دەکەمەوە کە با ئابووریی وڵات بە بایکۆتەکانەوە گرێ نەدرێت.

342/