AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
یەکشەممە

٢٠ شوبات ٢٠٢٢

٨:١٥:٢٥ ب.ن
1231360

ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێو بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعوودیە ڕووی لە زیادبوون کردووە

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە جارێکی دیکە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێو بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعوودیە بە ئامانجی دوورخستنەوەی محەممەد بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - پێگەی ” البوابە الاخباریە الیمنیە ” ڕایگەیاندووە کە هاوکات لە گەڵ زیاتربوونی هەوڵەکانی محەممەد بن سەلمان بۆ گەیشتن بە کورسی پاشایەتی سعوودیە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێو بنەماڵەی دەسەڵاتداری ئەم وڵاتەش ڕووی لە زیادبوون کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەواڵی ئەوەش بڵاو بووەتەوە کە لە ڕیاز هەوڵی تیرۆری محەممەد بن سەلمان دراوە بەڵام هەوڵەکە شکستی هێناوە.

پێگە یەمەنییەکە ڕایگەیاندووە ناکۆکییەکانی نێوان شازادەکانی ئالی سعوود لەم قۆناغەدا گەیشتووەتە لوتکە و ئەوان هەوڵی دوورخستنەوەی بن سەلمان دەدەن.

جێنشینی سعوودیە بە زیندانیکردنی محەممەد بن نایف و ئەحمەد بن عەبدولعەزیز، نەیارانی خۆی لە دەسەڵات دوورخستووەتەوە و شارەزایانیش لەو بڕوایەدان کە ڕەنگە ئەم سیاسەتە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان ڕێگری لەوە بکات بن سەلمان شوێنی باوکی بگرێتەوە.

بە پێی بۆچوونی شارەزایانی کاروباری سعوودیە، شکستی هاوپەیمانی سعوودی لە شەڕی یەمەن یەکێک لە هۆکارەکانی ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتەیە و بن سەلمان وەک هەڕەشەیەک لە سەر داهاتووی ئەم دەسەڵاتە هەژمار دەکرێت.

ڕۆژنامەی مکور ڕیشون چاپی ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە. هەندێک ڕاپۆرتی دیکە ئاماژە بەوە دەدەن کە محەممەد بن سەلمان لە پاش ئەو هەوڵە، براکەی خۆی بە ناوی بەندەر بن سەلمان بە تۆمەتی تێوەگلاوبوون دەستبەسەر کردووە.

342/