بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - لەدەقی دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دا ھاتووە: لەدوای ئەوەی بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە وڵات کەوتە دۆخی بۆشایی دەستورییەوە، لەپێناو رزگاربون لە دۆخی چەقبەستویی سیاسی و دواکەوتنی بنیادنان و ئاوەدانکردنەوەی وڵات، دەستپێشخەرییەک بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین کەبەهۆیەوە رێککەوتنێکی سیاسی بێتە کایەوە.
لەخاڵی یەکەمی دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە:داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیدا دەکەین قۆناغێکی نوێ لە گفتوگۆ بهێننە کایەوە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکان و تەواوکردنی پۆستە سیاسییەکان و بەدەستهێنانی شەراکەتی راستەقینە کە موڵکی هەمو هاوڵاتیانە.
لەبەشێکی دیکەی دەستپێشخەرییەکەدا باس لەوەکراوە:لەدوای لێکدانەوەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە کوتلەی زۆرینە، کاتێکی زیاترمان پێویست بوو بۆ لێکتێگەیشتن، بۆیە داوا لە کوتلە سیاسییەکان دەکەینەوە جارێکی دیکە کۆبونەوەکانیان دەست پێ بکەنەوە بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی کوتلەی زۆرینە.
لەم دەستپێشخەرییەدا باسی ئەوەش کراوە کە، ئێمە دەستی خۆمان بەرەو ھێزە سیاسییەکان درێژ دەکەینەوەو لە برایانی ڕەوتی سەدرو دامەزراوە سیاس و کەسایەتیە سەربەخۆکانی پەرلەمان داوا دەکەین کە بێنە بەردەم مێزی دانوستان ھەتا لە بارەی پێکھێنانی فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانی بە شێوەیەکی تازە گفتوگۆ بکەین.
342/