بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا -لە دوایین ڕاگەیەندراوی هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە لەبارەی دۆخی حەسەکە و کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکانی غوێران ڕایگەیاندووە، هێزەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و دۆخی مەترسیداری ئەمنی لە زیندانی غوێران لە حەسەکە و دەوروبەری زیندانەکە تێپەڕێندراوە و ڕەوشەکە کۆنترۆڵکراوە، تەواوی زیندانەکە کەوتووەتەوە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
هەسەدە ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعشی دەستگیرکردووە، کە بەشداربوون لە هێرش بۆسەر زیندانەکە، ئەوانەشی لەناو زیندانەکەوە بەشداربوون لە هەوڵی هەڵاتنەکە، ناچارکراون خۆیان ڕادەستبکەن.
بەپێی نوێترین ئاماری ئاشکراکراو، ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە دەستیگرکراون و خۆیان ڕادەستکردووەتەوە، گەیشتووەتە نزیکەی هەزار.
هەسەدە دووپاتیکردووەتەوە، لە ناوچەکانی دێرەزور، ڕەقە و حەسەکە، بە وردی کێوماڵ و گەڕان بەدوای داعشییەکان بەردەوام دەبێت.
342/