AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : sahartv
سێشەممە

٢١ کانونی یەکەم ٢٠٢١

١٢:٥١:١٤ د.ن
1210795

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق:ئێران ھۆگری پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانەو بۆ ئەو مەبەستەش پشتگریی لێ دەکات

«ئیرەج مەسجیدی» باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لە ئاھەنگی کردنەوەی پیشانگای ئێران لە ھەولێری ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێران ھۆگری پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانەو بۆ ئەو مەبەستەش پشتگریی لێ دەکات.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - بە پێی ڕاپۆرنی پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی سەحەر لە ھەولێرەوە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە پیشانگایەکی بازرگانی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێرلە پارکی سامی عەبدۆلڕەحمانی ئەم شارە لە لایەن باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک لە بەرپرسان و بازرگانانی ھەرێمی کوردستان کرایەوە.

لە میانەی ئاھەنگی کردنەوەی پیشانگاکەدا «ئیرەج مەسجیدی» باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لە لێدوانێکدا جەختی سەر گرینگایەتیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران کردەوەو وتی:دەمانەوێت پێوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین و لەم ئاراستەیەدا  ھۆگری پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانین و حەزدەکەین ھەنگاوی گەورەو کاریگەری پێوە ببینین و بۆ ئەو مەبەستەش پشتگریتان لێ دەکەین.

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق داوای لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بازرگانان کرد کە سەردانی ئێران بکەن و توانا ئەندازیارییەکانی ئەم وڵاتە لە نزیکەوە ببینن و باشترین کۆمپانیا بۆ هاوکاری هەڵبژێرن.

«مەسجیدی» لە دوابەشی وتەکانی دا، وێڕای سەرەخۆشی کردن لە خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی بوونە قوربانی ١٢ هاوڵاتی لە لافاوەکەی هەولێردا، جەختی لە سەر ئەوەش کردەوە کە خەڵکی هەرێم لە چاو کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ خەڵکی ئێران نییە و ئەم ڕوانگەیە گۆڕانی بەسەردا نایەت و تەنانەت ناکەوێتە ژێر کاریگەریی بابەت و پێوەندییە سیاسیەکانەوە.

342/