جێژنی ڕەمەزان ‘جێژنی کۆتایی هاتنی ڕەمەزان نیە‘ بەڵکو جێژنی چەکەرە دانی مرۆڤێکی تازە لە ناخی سوتماکی کەسایەتیی پێشوویەتی‘هەرچۆن قوقنوس لەسووتماکەکەی هەمیسان دەژێتەوەو سەر هەڵئەداتەوە‘ ڕەمەزان کورەیەکە کە وجودی مرۆڤ دەسووتێنێت و ئینجا مرۆڤێکی تازەتر بە گیانێکی تازەی لێ پەیدا دەبێت. جێژنی ڕەمەزان شایی کردن لە بەر ڕۆییشتنی ڕەمەزان نیە‘ بەڵکو گەشانەوە لە بەر خولقانی مرۆڤێکی نوێ بە ئەندێشە و ڕوانگەیەکی نوێیە‘ دەزانین کە ئامانجی ڕەمەزان و شەوەکانی قەدر ئەوە بوو کە مرۆڤێکی تازە لە ئێمە دروست کات و ئەگەر ئەو ئامانجە گرینگە وەدی نەهاتبێت دیارە کە جێژنی ڕەمەزان جێژنی ئێمە نیە.
بە دڵنیاییەوە یەکێک لە تایبەتمەندی و مەرجەکانی نوێ بوونەوەو دروست بوونی کەسایەتییەکی تازە لە ناخیشماندا ئەوەیە کە بەرامبەر بەو ڕووداوانەی لە گردوپەڕماندا تێ دەپەڕن خەمساردو بێ دەربەست نەبین. خۆ ناتوانین موسڵمان بین و بەس خۆمان بە مزگەوت و نوێژو نەخواردن و نەنۆشین و بەرماڵ و تەزبێحەوە بەرتەسک کەینەوە. چونکو کە ناوی باشترین خولقاوەی خوداوەندمان لە سەر دانرا دیارە ئەرکێکی قورس خراوەتە سەرشانمان و ئەوەش ھەمان ئەرک و ئامانەتە کە حافز وتەنی ئاسمان پێی ھەڵنەگیراوەو پشکەکەی بە ناوی من و تۆی مرۆڤەوە دەرچووە. لە ئێستاش دا کە ئاوڕ لە گردوپەڕی خۆ مان دەدەینەوە ھەزاران ڕووداوی تفت و تاڵ و ناخۆش و دڵتەزێن دەبیندرێت کە ھەریەکەو بە جۆرێک ئاست و ڕادەی موسڵمان بوون و لەوەش گریگنتر مرۆڤ بوونی من و تۆ ھەڵدەسەنگێنن و تاقیی دەکەنەوە.
خوشکی موسڵمان و برای بڕوامەندم ، کە بڕیار وایە لەم جێژنە بەولاوە بگۆڕدرێین و بسووتێین و قوقنوس ئاسا بوونەوەرێکی ڕێک و پێک و مرۆڤێکی ھەڵکەوتەو ھزرێکی ئاسمانی تر لەنێو سووتماکی ئاگری کوروزانەوەو ھەڵقرچانێکی یەک مانگەمان چەکەرە بکات و سەرھەڵ بدات، دەبێ لە فەلسەفەو فەکتەرەکانی نوێ بوونەوەو تازەگەریش تێ بگەین، کە ئەوەشمان کرد ئەوسا دەزانین ناتوانین موسڵمان بین و بە خەمساردییەوە لەگەڵ ئەو ڕێنماییە تەندروستیانەی کە بۆ دەستەبەرکرانی ساخڵەمیی کۆمەڵگاکەمان و لەوەش زیاتر ھەموو جیھانی مرۆڤایەتی پێویستن بە کەمتەرخەمی بجوڵێینەوەو گوێی نەدەینێ. خۆ ناتوانین موسڵمان بین و قەڵاچۆی موسڵمانانی فەلەستین و بە تایبەت غەززەی کۆڵنەدەرلە نیشتیمانی داگیرکراویاندا ھەستمان نەورووژێنێ، خۆ ناتوانین موسڵمان بین و ھەپرون ھەپرون کرانی دەیان خونچەی تازە پشکوتووی ئەفغانی لە قوتابخانەیەکی وڵاتێکی بن دەست و ژێرچەپۆکەی ئیستیکبارو گوێ لەمستەکانیان نەمانبزوێنێ، خۆ ناتوانین موسڵمان بین و نێڵەی ئەو ئاگرەی لە ژیانی منداڵانی یەمەن بەردراوە ناخمان ھەڵنەقرچێنێ، خۆ ناتوانین موسڵمان بین و چاومان لە ئاستی بە کۆیلەیی برانی کچان و ئافرەتانی ئێزدی بنوقێنین، خۆ ناتوانین موسڵمان بین و بەتاڵان برانی ماڵ و سامان و لە نیشتیمان دەرپەڕاندن و شاڵاوی سەر کوردانی عەفرین و کۆبانێ بە ھەند نەگرین. جا کەوا بوو مادام بڕیارمان داوە موسڵمان بین و بە موسڵمانی بمێنینەوە با ھەر لە ئەمڕۆوە بڕیار بدەین کە جێژنی تاقیکرانەوەی من و تۆی موسڵمانەو لەوە دڵنیا بین کە تاقیکردنەوەی خودئاوەند بەس لە ڕۆژی جێزنی قورباندا نییەو لە ھەموو چرکەو ساتێکدا بەندەکانی تاقی دەکاتەوە، تەنانەت ئێستاش کە ئەرکی مانگێک برسیەتی و تینویەتی و شەونخونیی بە ھەڵاتنی ھەتاوی مانگی شەووال لە سەر ھەڵگرتووین.
جێژنی ڕەمەزان لە ھەموو لایەک موبارەک و پیرۆز بێت.
342/