٨ ئەیلوول ٢٠١٩ - ٠٧:٥٤
زەریف ڕوو لە پۆمپێئۆ: ئایا تۆ مانای ژیارمەند و خاوەن شارستانییەت دەزانی؟

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوو لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە هێنانە ئارای ئەو پرسیارە کە ئایا تۆ مانای ژیارمەند و خاوەن شارستانییەت دەزانی؟ وتیشی: ئایا ژیارمەند بە مانای ناردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر ڕێ و ڕەسمی زەماوەند و شایی بۆ کوشتنی کەسانی بێ تاوانە؟

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە کاردانەوە بە هەنگاوی سێهەمی ئێران لەمەڕ کەم کردنەوەی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە تویتەردا نووسی:" بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمان  و لە راستیدا هەموو گەلانی ژیارمەند  و خاوەن شارستانییەتیی جیهان هەنگاوێکی لێبراوانە هەڵدەگرن بۆ پێشگری بە باجخوازییە ئەتۆمییەکانی ئێران.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە لە لاپەڕەی تویتەرەکەیدا کاردانەوەی بەو قسانە نیشان دا و نووسی: ئایان ژیارمەند و خاوەن شارستانییەت بە مانای چەتەیی دەریایی لە دەریا ئازادەکانە؟ یان ڕەنگە ڕژاندنی چەکی بکوژ بۆ سەر ناوچەیەک بێ بۆ وەڕێخستنی شەڕی نامرۆیی؟

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: یان ژیارمەند ئەو  گەلە تەمەن هەزاران ساڵەیە کە سەدان ساڵە هێشری نەکردۆتە سەر کەس؟

زەریف پێشتریش لە تویتێکی دیکەدا بە هێنانە ئارای ئەو پرسیارە کە "جەنابی پۆمپێئۆ، باجخوازی ڕێک بە چ مانایەکە؟" وتیشی: ئایا باجخوازی هەمان بنپێ کردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش (٢٢٣١) و سزادانی هەر کەسێکە کە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات ؟

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە "ڕەنگە باجخوازی برسێتی دان بە گەلی ئێرانە بێتوو ئێران کۆڵ نەدات؟" وتیشی: ئەوانە باجخوازییە یان هەنگاوەکانی ئێران بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانەکانی؟ "

قسە دژە ئێرانییەکانی پۆمپێئۆ لە  کاتێکدایە کە  ئەمریکا ٨ی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە شێوەی یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وڵاتی ١+٥ کە ساڵی ٢٠١٥ واژۆ کرا، ڕۆیشتووە دەرەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش یەک ساڵ سەبر و پشوودرێژیی ستراتژیک و دابین نەکرانی داخوازەکانی، بە پێی بڕگەکانی ٢٦ و ٣٦ی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، ژمارێک لە بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی خۆی بە پێی ئەو ڕێککەوتنە کەم دەکاتەوە.

ئێران تائێستا سێ هەنگاوی بریتی لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ٣.٦٧% و بەرز کردنەوەی ئاستی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ڕاگرتنی هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی لە بواری توێژینەوە و گەشە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵگرتووە.

.......
340