٤ ئایار ٢٠١٩ - ٢٢:٥٩
ئێران هۆشداری دەداتە بەحرەین

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی گەروی هورمزەوە هۆشداری دەداتە بەحرەین

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی گەروی هورمزەوە هۆشداری دەداتە بەحرەین و رایگەیاند، پێویستە لێپرسراوانی بەحرەین سنوری خۆیان بزانن و ئاگایان لە قەبارەی خۆیان بێت.
پێویستە لێپرسراوانی بەحرەین سنور و قەبارەی خۆیان بزانن

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، وەڵامی لێدوانێكی خالد بن ئەحمەد ئال خەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرەینی لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز دایەوە و وتی، "پێویستە لێپرسراوانی بەحرەین سنور و قەبارەی خۆیان بزانن كاتێك هەڕەشە لە خۆیان گەورەتر دەكەن".
رێگە نادەن بۆ تەنیا رۆژێكیش ئێران گەرووی هورمز دابخات، ئێران خۆی دەخنكێنێت ئەگەر گەروی هورمز دابخات


ئەو لێدوانەی عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە پێشتر خالد بن ئەحمەد ئال خەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرەین رایگەیاندبو، رێگە نادەن بۆ تەنیا رۆژێكیش ئێران گەرووی هورمز دابخات، چونکە ئێران خۆی دەخنكێنێت ئەگەر گەروی هورمز دابخات.

كەنداو و گەروی هورمز گرنگی زۆریان بۆ ئێمە هەیە، ئێمە دەمانەوێت ئەو گەروە بۆ هەمو وڵاتان بە ئێرانیشەوە ئارام و ئازاد بێت

دوێنێ هەینی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە كەناڵی جەزیرەی راگەیاندبو، "كەنداو و گەروی هورمز گرنگی زۆریان بۆ ئێمە هەیە، ئێمە دەمانەوێت ئەو گەروە بۆ هەمو وڵاتان بە ئێرانیشەوە ئارام و ئازاد بێت، ئێران رێگە نادات، ئەمریكا گەروی هورمز روبەڕوی نائارامی بكاتەوە".

ئێستا كێیە دەستی وەرداوەتە سودان و لیبیا؟، كام وڵاتانە گەمارۆیان خستە سەر قەتەر؟

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ناوهێنانی ئێران بە سەرچاوەی ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكە لەلایەن ئەمریكا، ئیسرائیل و سعودیەوە وتی، "ئێستا كێیە دەستی وەرداوەتە سودان و لیبیا؟، كام وڵاتانە گەمارۆیان خستە سەر قەتەر؟ كێ پیلانی كودەتای لە توركیا داڕشت؟ سەرنجی روداوەكانی ئەم وڵاتانە بدەن، ئایا ئێرانە دەست وەردەداتە ئەم وڵاتانە؟".

زەریف رونیکردەوە، "ترەمپ دەڵێت ئەمریکا حەوت ترلیۆن دۆلاری لە ناوچەکەی ئێمە خەرج کردوە، بەڵام ترەمپ ناوچەكەی لەناوبرد، خوێنی ژمارەیەكی زۆر لە ئەمریکییەکان لە ئەستۆی ئەوە، چونكە بەبێ هیچ هۆكارێك لە ناوچەكە كوژران".