٢٤ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٥:٥٨
لە ڕەقە٤٨ چەکدارى داعش کوژران

لە نزیک ڕەقە و باکوورى بەنداوى تەبەقە ٤٨ چەکدارى داعش کوژران

لە نزیک ڕەقە و باکوورى بەنداوى تەبەقە ٤٨ چەکدارى داعش کوژران

به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا: ئەمڕۆ ٢٤ى کانوونى یەکەمی ٢٠١٦ ئاژانسى هەواڵى هاوار لە ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویکردەوە، لە بەردەوامیى شەڕى نێوان شەڕڤانانى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بۆ کۆنتڕۆڵکردنى شارى ڕەقە، ٤٨ چەکدارى داعش لە نزیک ڕەقە و لە باکوورى بەنداوى تەبەقە کوژراون و دوو ئۆتۆمبێلى چەکدارەکانیش کە چەکى دۆشکەیان لەسەردا بووە، تێکشکێنراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، شەڕڤانان لە سەر لێوارەکانى ڕووبارى فورات  و هەروەها بەنداوى تەبەقە بەردەوامن لە پێشڕەویکردن و بەشى ڕۆژهەڵاتى ڕووبارى فورات و باکوورى بەنداوى تەبەقە بە تەواوەتى لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنتڕۆڵکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ شەڕڤانان هێرشێکى چەکدارەکانى داعشیان لە باکوورى بەنداوى تەبەقە تێکشکاند، کە ٧ ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو ئەنجامیاندابوو و هەر ٧ ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانى داعش پێش ئەوەى بگەنە سەنگەرى شەڕڤانان لەلایەن، هێزەکانى هەسەدەوە تێکشکێنرابوون.

ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى ڕەقە

جیهان ئەحمەد وتەبێژی ژووری ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕەقە دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٦ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ لە شارۆچکەی عەین عیساوە ئۆپراسیۆنی توڕەى فوراتى بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ڕەقە ڕاگەیاند، کە لە ڕۆژى ٥ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ەوە دەستیپێکردبوو.

بەپێی ڕاگەیاندنی ژووری ئۆپراسیۆنەکە ٣٠ هەزار شەڕڤان بەشداری لە ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى ڕەقەدا دەکەن کە ئەو ٣٠ هەزار شەڕڤانە سەر بە نۆ هێزی ناو هێزەکانی سوریاى دیموکراتن، ئەو هێزانەش بریتین لە هێزەکانی: یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، لیوای ڕزگاریی ڕەقە، لیوای شۆڕشگێڕانی ڕەقە، ئەنجوومەنی سەربازی سریانی،  لیوای هەڵۆکانی ڕەقە، لیوای شەهیدانی ڕەقە، هێزی شەهیدانی حەمام تورکمان لەگەڵ لیواى ئەحرارى ڕەقە.

ژوورى چالاکیى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بۆ کۆنتڕۆڵکردنى شارى ڕەقە ڕۆژى ١٤ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، لە قۆناغى یەکەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فوراتدا، کە لە ڕۆژى ٥ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ەوە لە قۆڵەکانى عەین عیسا و سلوکەوە دەستیپێکردووە، ٧٠٠ کیلۆمەتر چوار گۆشە، کە ٣٤ گوند و ٣١ مەزرا و حەوت گردى ستراتیژى و وێستگەیەکى کارەبا و وێستگەیەکى ئاو لە خۆ دەگرێت، کۆنتڕۆڵکردووە.

شەڕڤانان ئەوەشیان خستەڕوو، لە ماوەى ئەو ١٠ ڕۆژدا بەهۆى شەڕ و پێکدادانەکانەوە ١٦٧ چەکدارى داعش کوژراون و تەرمى ٣٤ چەکداریان کەوتووەتە دەست شەڕڤانان. هەروەها چوار چەکدارى داعش دیلکراون و ١٢ ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراوى داعش پێش ئەوەى بگەنە سەنگەرى شەڕڤانان تەقێنراونەتەوە.

باسى ئەوەشیان کرد، شەڕڤانان دەستیان بەسەر ١٤ ئۆتۆمبێلى سەربازى، هەشت دۆشکە، چوار تۆپهاوێژ، شەش هاون، سێ لۆری، هەشت ماتۆڕ سکیلى چەکدارەکانى داعشدا گرتووە. جگە لەوانەش شەڕڤانان ٢٤٠ بۆمبى چێندراوى داعشیان پوچەڵکردووەتەوە.

قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات

ڕۆژى ١٠ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٦ قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بۆ کۆنترۆڵکردنى ڕەقە دەستیپێکرد و جیهان ئەحمەد وتەبێژى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات ڕایگەیاند، لە قۆناغى یەکەمى ئۆپراسیۆنەکەدا ٧٠٠ کلیۆمەتر چوارگۆشە لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنترۆڵکراوە.

ڕۆژى ٢٠ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٦ جیهان شێخ ئەحمەد وتەبێژى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لە نزیک ڕەقە ڕایگەیاند، لە ماوەى ١٠ ڕۆژى یەکەم لە قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فوراتدا، ٩٧ گوند و دەیان کێڵگە و گردى ستراتیژى لە باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە ڕزگارکراون و شەڕڤانان گەیشتوونەتە سەر لێوارەکانى ڕووبارى فورات لە باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە.

وتەبێژی ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات ڕاشیگەیاند، لە ماوەى ئەو ١٠ ڕۆژەدا، ٩٦ چەکدارى داعش کوژراون و حەوت چەکدارى تریان لێ دیلکراوە و چەکدارێکیشیان لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیدا خۆى ڕادەستى شەڕڤانان کردووە.

بەپێى ئامارەکەى ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات، کە جیهان شێخ ئەحمەد ئاشکراى کرد، لە ماوەى ١٠ ڕۆژ لە قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنەکەدا، ٩ شەڕڤان شەهیدبوون و ١٢ شەرڤانیش برینداربوون.

شەڕڤانان لە ماوەى ئەو ١٠  ڕۆژەدا جگە لە شکستدانى چەکدارەکانى داعش لە ناوچەکانى باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە، توانیویانە دەست بەسەر هەزار و ٨٥٦ چەکى هاوەن و ئۆتۆمبێل و کاتیوشا و بیکەسەى و چەندین چەک و کەرەستەى جۆراجۆرى ترى چەکدارەکانى داعشدا بگرن و ٥٥٠ بۆمب و مینى چێندراوى چەکدارەکانى داعشیش پوچەڵ کراونەتەوە.