هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بڕیاردا ده‌سته‌ی چه‌كداریی جیاواز بۆ پشتیوانی هێزه ئه‌منییه‌كان له‌ئه‌نبار پێكبهێنرێت، هۆزه‌كان خێرا ده‌یان هه‌زار چه‌كداریان برده ریزه‌كانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ ئه‌وه‌ی ببنه هێزێكی پشتیوان ئه‌ركی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كان بگرێته ئه‌ستۆ له‌دوای ئازادكردنیان.
هێزه‌كانی ئه‌مریكاش كه به‌سیفه‌تی راوێژكاری سه‌ربازی هاتنه ناوه‌وه، ئه‌وانیش پشتیوانی زیاتر له‌پێنج هه‌زار چه‌كداریان كرد له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی پارێزگاكه‌دا، ئه‌ویش دوای چه‌ندین داواكاری سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ دامه‌زراندنی حه‌شدی عه‌شایری كه هاوتای حه‌شدی شه‌عبی بێت له‌ڕوو ژماره و كه‌لوپه‌له‌وه.
ئه‌م هێزانه به (15) هه‌زار چه‌كدار ده‌ستیان پێكرد، به‌ڵام هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستان، چونكه سه‌رچاوه ئه‌منیه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ژماره‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی عه‌شایری لهزیادبوونێكی به‌رچاودایه، تا گه‌یشتووه‌ته زیاتر له‌بیست هه‌زار چه‌كدار، به‌تایبه‌تی كه هه‌ندێك گروپی چه‌كداری شیعه توانیان پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری بۆ خۆیان دابمه‌زرێنن له‌ڕێی پشتیوانیكردنی ژماره‌یه‌ك شێخ و كه‌سایه‌تی بۆ دامه‌زراندنی هێزی عه‌شایری له‌زۆربه‌ی شاره‌كانی پارێزگاكه‌دا.
دانیشتووانی ناوچه‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه زۆربه‌ی ئه‌و هێزانه باره‌گاو بنكه‌ی سه‌ربازیان هه‌یه كه به‌زۆری بریتین له‌خانوو یاخود كێڵگه‌ی تایبه‌تی كه‌سانێك كه زۆربه‌یان به‌تیرۆر تۆمه‌تبارن، ئه‌و باره‌گایانه‌ش جیاوازن له‌باره‌گا ره‌سمیه‌كانی هێزه ئه‌منیه‌كان له‌سوپاو پۆلیس.
دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان عانی كه مامۆستایه له‌زانكۆی ئه‌نبار له‌وباره‌یه‌وه به"نیقاش"ی وت "رۆژانه ده‌یان خاڵی پشكنینی سهبازیو عه‌شایری ده‌بڕم تا ده‌چم بۆ شوێنی كاره‌كه‌م، هیچ پاساوێك نیه بۆ زۆری ئه‌و خاڵانه‌ی پشكنین‌و ته‌نیا بۆ پیشاندانی هێزو ده‌سه‌ڵاتن، به‌تایبه‌تی هێزه‌كانی حه‌شدی عه‌شایری كه له‌به‌رده‌م رێبواراندا شانازی به‌شێوازی چه‌كداری خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن".
ده‌شڵێت "جاران كه ده‌گه‌یشتینه خاڵه‌كانی پشكنین، سایدی تایبه‌ت به‌ئۆتۆمبێلی حكومی‌و ئه‌منیمان ده‌گرته‌به‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قهرباڵغیان كه‌متر بوو له‌سایدی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێچه‌وانه‌كه‌ی دهبینینو سایدی تایبه‌ت به‌كه‌سانی سه‌ربازی زۆر قه‌ره‌باڵغه به‌هۆی زیادبوونی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی مۆڵه‌تی ئه‌منیان پێدراوه بۆ ئه‌ندامانی حه‌شدی عه‌شایری".
سه‌رله‌نوێ بینینی ئه‌م هێزانه له‌ژێر چه‌ندین ناودا، دیمه‌نی بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌حوه له‌ساڵی 2007 به‌بیر دانیشتووانی ناوچه‌كه ده‌هێنێته‌وه، كه بوونه قه‌واره‌یه‌كی سیاسی‌و كێبڕكێیان ده‌كرد بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی سیاسی‌و حزبی وئه‌و ئه‌ركه‌یان فه‌رامۆشكرد كه له‌پێناویدا دامه‌زرابوون.
شێخ ماز ههزیماوی (59 ساڵ) له‌و باره‌یه‌وه به "نیقاش"ی وت "بڵابوونه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه به‌م شێوه‌یه كارێكی ترسناكه‌و گومان سه‌باره‌ت به‌نیازی ئه‌و یه‌كانه دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزانه عهشایرین، ئه‌وا پۆلیسی ناوچه‌كه‌و هێزه‌كانی سوپا له‌خه‌ڵكی پارێزگاكه توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه ناوچه‌كان كۆنترۆڵ بكهنو هیچ رێگریهكیش نیه له‌وه‌ی ئه‌ندامانی هۆزه‌كان تێیاندا به‌شداربن، به‌ڵام به‌م چڕیه نا".
وتیشی "من له‌پشتیوانانی پێكهێنانی هێزی عهشایهریم، به‌تایبه‌تی كه ئه‌و واقیعه‌ی تێیدا ده‌ژین ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت هێزێكی خۆجێیی پێكبهێنرێت پشتیوانی هێزه ئه‌منییه‌كان بكات‌و هاوتای ئه‌و یه‌كانه‌ی تر بێت كه له‌وڵاتدا دروستكراون".
هه‌روه‌ها به ته‌وسه‌وه ده‌ڵێت "به‌یانیه‌كیان چوومه ده‌ره‌وه، بینیم هه‌ندێك خزم‌و ناسیاو جلوبه‌رگی سه‌ربازییان له‌به‌ر كردووه‌و پله‌ی موقه‌ده‌م‌و عه‌قیدو عه‌میدیان خستۆته سه‌ر شانیان، وامزانی ئه‌ستێره له‌ئاسمانه‌وه باریوه تا ئه‌م هه‌موو ئه‌فسه‌ره‌مان هه‌بێت".
دیمه‌نه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌پارێزگای ئه‌نبار شتێكی نوێ نییه كه پێشتر ئه‌زموونی ئه‌و هێزه عهشایرانهیان بینیوه كه پێیان ده‌وترا (سه‌حوه‌كان)و به‌پشتیوانی راسته‌وخۆی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دروست بوون تا ژماره‌ی چهكدارانیان گه‌یشته نزیكه‌ی 90 هه‌زار كه‌س كه به‌سه‌ر زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراقدا دابه‌ش بووبوون له‌ژێر فهرماندهییهكی یه‌كگرتوودا كه باره‌گاكه‌ی له‌شاری رومادی (110 كم له خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) بوو.
وا دیاره ئه‌و ناوهندێتیو فه‌رمانده‌ییه یه‌كگرتووه‌ی هێزه‌كانی سه‌حوه‌ی پێ جیادهكرایهوهو كردبوونیه یه‌ك قه‌واره، پرۆژه نوێیه‌كه‌ی هێزه عه‌شایره‌كان نیه‌تی، كه فره فه‌رمانده‌و ئامانجه.
راجع به‌ره‌كات عیساوی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار له‌وباره‌یه‌وه به"نیقاش"ی وت "له‌كۆبوونه‌وه ئه‌منیه‌كاندا داوام له‌حكومه‌تی ناوهندیو فه‌رمانده ئه‌منییه‌كان كردووه كه پێویسته كار بۆ سنووردانان بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نووسینگه سه‌ربازیانه بكرێت كه به‌شێوه‌یه‌كی بهرفراوانو به‌بێ زانیاری‌و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگا بڵاوبوونه‌ته‌وه".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه "بوونی ئه‌م یه‌كانه به‌م شێوه‌یه، شڵه‌ژانێكی زۆر له كاری ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا دروست دهكاتو ترس لای دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ش په‌یدا ده‌كات كه به‌ریه‌ككه‌وتنی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه".
ئه‌م هێزانه به‌زۆری له‌رێی میكانیزمێكی ئاسانه‌وه دروست ده‌كرێن، ئه‌ویش بریتیه له‌پێشكه‌شكردنی داوایه‌كی ره‌سمی له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یاخود وه‌زاره‌تی ئاسایشی نیشتمانی سه‌باره‌ت به‌پێویستی پێكهێنانی هێزێكی عه‌شایری بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌و پاشان داوای چهكو كهلوپهلو ئۆتۆمبێلی بۆ دهكرێتو دواتر ده‌بێته هێزێكی كرداری له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع.
ماجد جومه‌یلی كه ئه‌فسه‌ره به‌پله‌ی موقه‌ده‌م له‌ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌قه‌زای كه‌رمه (40 كم له خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) به"نیقاش"ی وت "ئه‌و فه‌وزایه‌ی به‌هۆی زیادبوونی ژماره‌ی هێزه عهشایرهكانو فره‌یی فهرماندهییهكانیان له‌قه‌زای كه‌رمه ده‌یبینین، خه‌ریك بوو هه‌موو سه‌ركه‌وتنه به‌ده‌ستهاتووه‌كان له‌بار ببات، چونكه بووه‌ته هۆی شڵه‌ژانی هاوڵاتیانو هێزه ئه‌منییه‌كانیش".
ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر دانایی فه‌رمانده ئهمنییهكانو بڕیاری ده‌ستگیركردنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی هۆزه‌كان نه‌بووایه كه به‌بێ فه‌رمانی ئیداری ره‌سمی جلوبه‌رگی سه‌رباز له‌به‌ر ده‌كه‌ن، قه‌زای كه‌رمه له‌شاره‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكه جیاواز نه‌ده‌بوو كه تائێستاش دانیشتووانیان به‌ده‌ست بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌وه ده‌ناڵێنن".
به‌پێی قسه‌ی محه‌مه‌د كه‌ربولی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش‌و به‌رگری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران "پێكهێنانی هێزێكی شه‌ڕكه‌ر بتوانێت پشتیوانی هێزه ئه‌منییه‌كان بكات كه ساڵی 2014 پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌یان به‌خۆوه بینی، له‌گرنگترین هۆكاره‌كانی پێكهێنانی هێزه عه‌شایره‌كان بوو له‌و ناوچانه‌ی داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوون".
ره‌نگه پشتیوانیكردنی هێزه ئه‌منییه‌كان لهجهنگهكهیان له‌دژی گروپه‌كانی داعش هۆكاری سه‌ره‌كی‌و راگه‌یه‌ندراو بێت له‌لایه‌ن هه‌ندێك لهسیاسیهكانهوه، به‌ڵام زۆرینه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژه بۆ ئامانجی دیكه ده‌كه‌ن كه بریتین له‌پێكهێنانی هێزێكی شه‌ڕكه‌ری ره‌سمی كه له‌لایه‌ك هاوتای هێزی حه‌شدی شه‌عبی بێت‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ببێته بناغه بۆ نوێنهرایهتیكردنێكی زیاتر له‌دامه‌زراوه ئه‌منیه‌كاندا له‌ڕێی كردنه ئه‌ندامی زۆرترین ژماره‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه لهسیتسمی ئه‌منیدا.
ئه‌مه جگه له‌ئامانجی دیكه كه ره‌نگه بچنه چوارچێوه‌ی ده‌ستكه‌وتی تایبهتیو عه‌شایری له‌وانه پێكهێنانی هێزی چه‌كداری كرداری كه ئه‌ركی پاراستنی خودی عه‌شیره‌ته‌كه بگرێته ئه‌ستۆو شانازی پێوه بكرێت، یان سوودی ماددی له‌ڕێی هێزێكه‌وه كه ته‌نیا چه‌ند ناوێكی سهركاغهزهو هیچی تر.
ئه‌وه‌ی كه هانی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌شی داوه بچنه ریزی ئه‌م هێزانه‌وه، به‌پێی قسه‌ی شێخ مه‌حمود دلێمی "به‌ڵێنه‌كانی ئه‌گه‌ری دانانیانه له‌نێو سیستمی ئه‌منیدا"، هه‌روه‌ها شێخ مه‌حمود ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه "هه‌ندێك شێخ‌و كه‌سایه‌تی له‌پارێزگای ئه‌نبار بوونه‌ته ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان قورسایی عهشایریانو حیزبه سیاسیه‌كان كه پشتیوانی ماددی‌و مه‌عنه‌ویان بۆ دابین ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتی سیاسی‌دا".
وتیشی "داهاتی ئه‌و هێزانه كه‌م نیه، چونكه ته‌نیا بهپشتیوانیانهوه ناوه‌ستن، به‌ڵكو هه‌وڵیش ده‌ده‌ن ده‌ست به‌سه‌ر دۆسێكانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پڕچه‌ككردنی عهشایرهكانیشدا بگرن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2008دا روویدا كاتێك سه‌حوه‌كان بوونه بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی هه‌موو پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه له‌پارێزگاكه‌دا".
عه‌میدی خانه‌نشین جه‌مال محه‌مه‌دی (63 ساڵ) كه چووه‌ته نێو ریزه‌كانی حه‌شدی عه‌شایری به"نیقاش"ی وت "حه‌شدی عه‌شایری له‌پارێزگای ئه‌نبار به‌هه‌موو ناونیشانهكانیهوه كه دابه‌ش بووه به‌سه‌ر حه‌شدی شهعبیو عه‌شایری‌و هه‌ندێك خۆبه‌خش بۆ به‌رگریكردن له‌ناوچه‌كانیان، قوربانی زۆریان به‌خشیوه كه ناكرێت نادیده بگیرێت، زۆرێك لهچهكدارهكانیش چاوه‌ڕوانی پاداشت ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر پاراستنی شارهكانیانو پشتیوانیكردنی هێزه ئه‌منییه‌كان".
له‌ساڵی 2003وه عێراق دروستبوونی ژماره‌یه‌ك گرووپی چه‌كداری به‌خۆوه بینی، كه هه‌ندێكیان دروشمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركاری ئه‌مریكایان به‌رزكرده‌وه‌و هه‌ندێكی تریش بڕیاریاندا له‌ژێر فه‌رمانده‌یی سیستمی ئه‌منیدا كار بۆ دژایه‌تی قاعیده بكه‌ن، تا ساڵی 2009 كه عێراق رێككه‌وتنی ئه‌منی له‌گه‌ڵ واشنتۆندا ئیمزا كرد‌و به‌وپێیه ئه‌مریكا هێزه‌كانی كێشایه‌وه‌و ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی له‌عێراق كۆتایی پێهێنا، ئه‌و یه‌كانه بوونه خاوه‌نی سوپا‌و چهكو باره‌گا له‌به‌غداو پارێزگاكانداو هه‌مووشیان وه‌ك میلیشیای ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت پۆلێن ده‌كران، تا ئه‌و كاته‌ی له‌حوزه‌یرانی 2014دا فه‌توای جیهادی كه‌فائی سه‌ریهه‌ڵداو عێراق له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و فه‌توایه‌دا، دروستبوونی ده‌یان گرووپی دیكه‌ی به‌خۆوه بینی كه بوونه چه‌كێكی دووسه‌ره.
٥ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ٢٣:٠٩
News ID: 796334
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بڕیاردا ده‌سته‌ی چه‌كداریی جیاواز بۆ پشتیوانی هێزه ئه‌منییه‌كان له‌ئه‌نبار پێكبهێنرێت، هۆزه‌كان خێرا ده‌یان هه‌زار چه‌كداریان برده ریزه‌كانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ ئه‌وه‌ی ببنه هێزێكی پشتیوان ئه‌ركی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كان بگرێته ئه‌ستۆ له‌دوای ئازادكردنیان.