٥ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ٢٣:٠٠
کاتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ لە نێوان لێدوانی عەبادی و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا

جۆن دۆریان وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش چەند مانگێکی دیکەی پێویستە.

جۆن دۆریان وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش چەند مانگێکی دیکەی پێویستە.

دۆریان دوێنێ ٣٠ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند "ئۆپراسیۆنەکە بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت کە پلانی بۆداڕێژراوە و هێزە عێراقیەکان لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە لە پێشڕەویدان".

دۆریان وتیشی "هەرچەندە چەکدارانی داعش شێوازێکی وەحشیگەرانە لە شەڕەکانیاندا دەگرنەبەر و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج بەڵام ئەوە ڕێگە بە پێشڕەویەکانی هێزە عێراقیەکان ناگرێت و تا ئێستا توانیویانە ژمارەیەک گەڕەکی شارەکە کۆنتڕۆڵبکەنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد هێزە عێراقیەکان ژمارەیەک ئوتومبیکی بۆمبڕێژکراویان پوچەڵکردووەتەوە و سەدان چەکداری داعشیان کوشتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشی هێزە چەکدارەکانی عێراق  لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەتیدا پرێس جارێکى تر جەختیکرەوە  تا کۆتایی ئەمساڵ موسڵ کۆنترۆڵ دەکرێتەوە.

عەبادی وتیشی "داعش تواناى بەرگریکردنی نەماوە لەبەرامبەر هێزەکانیاندا و کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچەیەکى فراوان ماناى ئەوەیە کە داعش تواناى شەڕی نەماوە.

هەروەها ڕایگەیاند "داعش وەک مار وایە، ئەگەر لە ناوەڕاست و کلکەکەى بدەیت، هیچى لێ نایەت، بۆیە دەبێت لە سەرى بدەیت، بۆیە سەرى داعشیش موسڵە، ئەگەر موسڵ کۆنتڕۆڵبکرێتەوە، ئەوا گورزێکى کوشتندە دەبێت لە داعش".