کۆچبەرانی کوردی عێراقی لە ساڵانی دواییدا هاوکات لەگەڵ داخرانی ڕێگا یاساییەکان و چڕ بوونەوەی کۆنترۆڵی سنووری ئەورووپا، زیاتر لە ڕابردوو ڕوویان کردووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی مەدیتەرانە واتا دەروازەی لیبیا؛ ڕێگایەک کە بۆ زۆر کەس نەک بە ئاسایش و کار، بەڵکوو بە دەستگیری، توندوتیژی و تەنانەت مەرگیش کۆتایی دێت.
بە گوێرەی داتاکانی ئەنجومەنی گەڕانەوەی کوردەکان لە ئەورووپاوە، لە ساڵی 2025 زیاتر لە 6500 کەس لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی نایاسایی ڕێگای ئەورووپایان گرتووەتە بەر. ئەو ڕەقەمە دوای ساڵی 2021 کە 28 هەزار چوونە ئەورووپا، ڕەوتێکی کەم کردنەوەیی بوو، بەڵام هێشتا هەزاران کەس هەموو ساڵێک لە ئەو ڕێگا پڕ لە مەترسیەوە دەپەڕنەوە. بە پێی هەمان ئامار، لە ساڵی 2014 هەتا 2025 لانیکەم 150 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەی نایاسایی کۆچیان کردووە و 414 کەس لە ئەو ڕێگایەشدا گیانیان لەدەست داوە.
حکومەتی هەرێم لە مانگی جوون ڕایگەیاند کە 299 کوچبەری کورد لە زیندانەکانی لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان و هەوڵ بۆ ڕزگار کردنی ئەوانی دیکە درێژەی هەیە. هەندێک لە ئەو کەسانە هەتا هەشت مانگ لەوێ دەستگیر بوون.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش باس لە ئەوە دەکەن کە ڕێگای مەدیتەرانە ناوەندی هێشتا یەکێک لە مەرگهێنەرترین دەروازەکانی جیهانە.
کۆچبەرانی کوردی عێراق کە لە ساڵانی دواییدا لە ڕێگای بلاڕووس بۆ چوون بۆ ئەورووپا بێ هیوا بوون، دەروازەیەکی نوێیان هەڵبژاردووە کە جگە لە دەستگیری و مەرگ هیچ شتێک دەستیان ناگرێت.
Your Comment