بەشی نێودەوڵەتی: ناکۆکیی دیپلۆماتیکی نێوان ئەنقەرە و نووسینگەی مەسعوود بارزانی(سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان) تەنیا ململانێیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو هێمایەک بوو لە کەلێنە قووڵترەکانی ناوچە کە بە ئاراستەی ئەزموونێکی ستراتژیکی نوێدا دەڕوات. پاشهاتکانی ئەو قەیرانە راستەوخۆ گرێدراوە بە دوو گۆڕانکاریی گەورە و هاوکات: ڕەوتی ئاشتی مێژوویی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کڕیکارانی کوردستان(پەکەکە) و کرانەوەی کۆنسولخانەی نوێ و گەورەی ئەمریکا لە هەولێر.
کەواتە ئەم دابڕانە دیپلۆماتیکە، کشانەوەی لە ناکاو لە هاوبەشییەکی بنەمایی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتنی، هەڵسەنگاندنی قەیرانە وەک ساتەوەختێکی پڕ هەرا و کێشە بۆ "داڕشتنەوەی پەیوندییەکان" لە نێوان دوو هاوپەیمانی دێرینەیە؛ دوو هاوپەیمان کە ئێستاکە کەتوونەتە ژێر گوشاری هاوکاتی ڕەوتێکی ئاشتیی پەنگراو لە ناوخۆی تورکیا و شوێنگوڕکێیەکی گرینگی هێزی ئەمریکا لە ناوچەدا.
دیارە بۆ چەندین دەیە، یەکگرتووییەکی پراکتیک لە نێوان تورکیا و دەوڵەتی هەرێم بە سەرکردایەتی پارتی، یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی ناوچەیی ئەنقەرە بووە و تورکیا، هەرێمی وەک دیوار و ئاستەنگێکی پاوەجێ و دەروازەی سەرەکیی خۆی بۆ عێراق وێنا کردووە؛ پەیوەندییەک کە پشتئەستوور بوو بە سەرچاوەی وزەی و دژایەتیی هاوبەش لەگەڵ پەکەکە. تەنانەت مەسعوود بارزانی خۆی یەکێک لە لایەنگرانی گرینگی ڕەوتی هەستیاری ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە بوو. بەڵام ئەوڕۆکە بە ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە خاکی تورکیا، ئەو ڕەوتەش هەنگاوی ناوەتە قەیرانیترین قۆناغێ خۆیەوە.
لەمناوە تۆمەتی نەتەوەپەرەستانی تورکیا لە تیمی پارێزەری بارزانی لە ژێر سەردێری "شەرمەزاری بۆ سەروەری" و وەڵامی پارتی بەو لێدوانانە لە ژێر ناوی "شوڤێنیستی"، ڕاستەوخۆ کاکڵەی "ڕێزی بەرامبەر" وەک زەروورەتێک بۆ ئاوەها دیپلۆماسییەکی پڕ لە ڕێسک و مەترسی، کردۆتە ئامانج. چونکە لە کاتێکدا کە دەوڵەتی تورکیا پێداگرە لە داوای لێبوردن و ڕەچاوکردنی هێرارشییەت و پرۆتۆکۆلەکان، ئەوا لە ئەنقەرە کێشەکە قووڵتر دەخوێننەوە و جەخت لە پرسی "کۆنتڕۆڵ و دزەکردن" کراوە.
بواری نامتمانەی ڕەوتی ئاشتی کە دەتوانێ ڕۆڵی سیاسیی پرسی کورد لە ناوچەدا هەڵتەکێنێت، بێگومان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو ناکۆکی و ململانێیە. چونکە سەرکەوتنی ڕەوتەکە، پەکەکە لە گرووپێکی چەکداری قەدەغەکراو، دەکاتە یەکێک لە ئەکتەرە پەنگراوە سیاسییەکان و هاوکات لێکدانەوەی ڕێبەریی کورد لەو دیو سنوورەکانیش دەگۆڕێت. کەواتە ڕاوێژی توندی ئەنقەرە لە دژی بارزانی دەتوانێ هوشدارێکی ڕاشکاوانە بۆ هەموو حزبە کوردییەکان بێت کە تەنانەت لەوپەڕی دانوستانەکاندا، هێشتاش تورکیایە کە داوەری سەرەکیی چارەنووسی سیاسیی کوردەکانە. ئەو کارلێکە نیشان دەدا کە تورکیا پێداگرە لەوەی کە ئەنجامی کۆتایی دانوستانەکان وردبینانە کۆنتڕۆڵ بکات و هیچ سەرکردەیەکی کورد (چ بارزانی و چ ئۆجەلان) بۆیان نییە دەست پێگەیەکی کۆنتڕۆڵ نەکراوە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
لە پەنای ئەو گۆڕانکارییانە، کرانەوەی کۆنسولخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر، گرینگییەکی هاوئاست و بگرە سەرتریشی لە پرسی تورکیا و پەکەکە هەیە. ئەم ثرۆژە 796 ملیۆن دۆلارییە، گەورەترین نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیکی ئەمریکا لە جیهان دێتە ئەژمار و تەنیا قسە لە بینایەکی نوێ نییە؛ بەڵکوو سەرمایەدانەرییەکی ستراتژیی قووڵە کە تەرکیزی لەسەر بەڵێنیی درێژخایەنی واشنتۆن بە هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی گرینگی ناوچەیی و سەربەخۆ لە بەغدایە.
بۆ دەوڵەتی بارزانی ئەم گۆرانکارییە جۆرێک متمانەبەخۆیی و پاڵپشتییەکی بەهێز وێنا دەکرێت. بەڵام بۆ ئەنقەرە، ئەو هەنگاوە وەک هەوڵی هەرێم بە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ تۆکمەی پێگەی خۆی و ڕەنگە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی لێک دەدرێتەوە؛ پرسێک کە لە هەناوی خۆیدا دەتوانێ هاوکێشەی هێز لە باکووری عێراق بگۆڕێت و ڕەنگە وەڵامی توند و چاوەرواننەکراوی هەولێر بە ڕەخنەکانی تورکیا، پەلی هەر لەم هەستە نوێیە تۆکمەبوونی پێگەی نێودەوڵەتیی بێت.
دیارە پاشهاتەکانی ئەم ناکۆکییە، سەرترە لە ململانییەکی ئاسایی و بگرە بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەش تێوە دەگلێنێت: لەباری ئابوورییەوە سێبەر دەخاتە سەر "پڕۆژەی شەقامی گەشەی تورکیا-عێراق"؛ کۆریدۆری بازرگانیی گەورە نێوان تورکیا و عێراق کە بە هەرێمدا تێناپەڕێت. لەباری سیاسی و ناوچەییشەوە، ئەم ناکۆکییە هەلێک دەڕەخسێنێت بۆ ئەکتەرانێکی نەریتی کە پاڵپشتی لە ڕکابەری دێرینی پارتی، واتە یەکێتی نیشتمانی دەکەن و هەوڵ دەدەن دۆخەکە بۆ پەرەدان بە دزەکردنی زیاتر بقۆزنەوە و بگرە بەغداش لەم هەلە بۆ پەرەدان بە پێگەی خۆی لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە خافڵ نابێت.
Your Comment