بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە مەڵایی: حەوتەی ڕابردوو موحەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان وتی: لە سەردانەکەیدا بۆ ئیمڕاڵی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە پێیوتووە: "ئەگەر چەکدارانی کوردی سووریا چەکەکانیان دابنێن، کورد کۆمەڵکوژ دەکرێت، سەریان دەبڕدرێت، جۆلانی، یان ئەحمەد شەرع، بریکاری داعشە، داعش و تورکیا لەو ناوچەیەدا ئامادەن، چەکداماڵینی هێزە کوردییەکانی سووریا مەحاڵە و ڕوونادات".
ئۆجەلان لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی حکومەتی تورکیا کردووە لە پڕۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە و ئەنقەرە و وتوویەتی: "لە شەش مانگی ڕابردوودا بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێکرد، ئێستا نۆرەی حکومەتە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر. ئەگەرنا ئەمە کۆتایی ئەو ڕێگایە کە دەتوانین لە دژی حکومەت بەردەوام بین."
ئەمە لە حاڵێکدایە کە دوای هەڵوەشانەوەی پەکەکە، ئەمریکا کە بەردەوام پاڵپشتی هەسەدە بووە، لە ڕێگای تام باراک، نوێنەری خۆیەوە، بە جۆرێک داوای تێکەڵ بوون لە پێکهاتەی ئەو هێزانە لە سیستەمی سیاسی و سەربازی سووریای کردووە کە بووە هۆی شۆک بوونی کوردی سووریا. ئەو ڕەوتە لەوانەیە ببێتە هۆی لاواز بوونەوەی شوێنگەەی سیاسی کوردەکان.
کارناسان دەڵێن لەم کاتەدا کە ئەنقەرە هێشتاش ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا وەکوو هەرەشەیەکی ئەمنیەتی لێک دەداتەوە. ئەگەرچی پەکەکە چەکی داناوە، بەڵام تورکیا لەوانەیە هەلەکە بۆ گوشار لەسەر کوردی سووریا بقۆزێتەوە، بەتایبەتی لە ئەگەری لاواز بوونەوەی پاڵپشتی ڕۆژاوا لە ئەوان.
تام باراک، باڵوێزی ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی واشنتۆن لە کاروباری سووریا، لەمدواییە سەردانی دیمەشقی کرد و لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزلووم کۆبانی ناوبژیگەری کرد، بەوەشەوە دەستێوەردانی نە تەنیا چارەساز نەبوو، بەڵکوو بووە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە.
بەتایبەت پێداگریی ئەو لە تێکەڵبوونی خۆویستانەی هەسەدە لە پێکهاتەی سەربازیی سووریا وەک ویستی واشنتۆن، کە بەکردەوە نیشاندەری پاڵپشتیی ئەمریکا لە ڕەوتی هەڵوەشانەوەی هێزە کوردەکانە و ئەو پەیامە بە دیمەشق دەدا کە کوردەکان چیتر پاڵپشتیی لێبڕاوانەی ئەمریکایان نییە و ئەمە جەسارەتێکی زیاتر دەدا بە دەوڵەتی دیمەشق بۆ گوشارنانەوە و هەڕەشە لە دژی هەسەدە.
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر کوردی سووریا و هەروەها داهاتووی ڕەوتی ئاشتی لە تورکیا هەواڵنێری مێهر لەگەڵ فەتحوڵا حسێنی نوێنەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە نووسینگەی سلێمانی قسەی کردووە کە دەقی قسەکانی بەڕێزیان وەک خۆی بڵاو دەبێتەوە.
بە بۆچوونی ئێوە بۆچی عەبدوڵا ئۆجەلان ناچار بوو لە ناکاوێ پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە و چەکیان پێ بسووتێنێت ؟
چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بە فەرمانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی ئەو پارتە، هەنگاوێکە بۆ نیشاندانی نیازپاکی کورد تاکوو پڕۆسەی ئاشتی لە ناو تورکیا بێتەدی.
بەڵام تا ئێستا تورکیا وەکوو وڵات، هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی سەربخات. پەکەکە هەموو چەکی خۆی دانەناوە و تەنیا بە شێوەیەکی سەمبۆلیک سی هێزی چەکداری ئەو پارتە چەکی خۆیان سووتاندووە و ئەوەش بەو مانا نییە کە پەکەکە وەکوو پارتێکی سیاسی نەماوە یان ئەوەی کە هەموو باڵی چەکداریی پەکەکە چیدیکە بێ چەکە. بە پێچەوانەوە ئەوە تەنیا کارێکی سەمبۆلیک بووو ئەو حزبە دەبێ لە ناو پڕۆسەی سیاسی تورکیادا بەشدار بێت. بەڵام بە بڕوای من تورکیا جیدی نییە بەرانبەر چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتە. تورکیا وڵاتێکی زۆر زۆر ڕەگەزپەرەستە، هەم خەڵکەکەی و هەم بەرپرسانی ئەو وڵاتە. لەبەر ئەوە گومان لەوەدا هەیە کە ئەم پڕۆسیە سەرکەوێت.بەڵام وەکوو نیازپاکییەک پەکەکە هەموو هەنگاوەکانی جێبەجێ کردووە کەچی ئەنقەرە یەک هەنگاو نەهاتووەتە پێش. سەبارەت بە ناچاری ئۆجەلان دەبێ بڵێم ئەوە شتێکی دیکەیە و لە نێوان سەرۆکی پەکەکە و حزبەکەیەتی و بێ گومان گوشار لە سەر ئۆجەلان هەیە بەڵام دیارە پڕۆسەی ئاستی لای ئۆجەلان ڕوونە و هەوڵی بۆ داوە لە حاڵێکدا کە لای تورکیا هیچ شتیک ڕوون نییە.
ئایا بارودۆخی ناوخۆیی تورکیا گونجاوە و بەستێنی هەڵوەشانەوەی پەکەکە لەبارە لەم کاتەدا کە ئەو بڕیارە دراوە ؟
بە هیچ لەونێک دۆخی ناوخۆیی تورکیا لەبار نییە و بە پێچەوانەشەوە زۆر زۆر خراپە. تورکیا وڵاتێکی هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو وڵاتانی دراوسێ. لە سەر ئەورووپا و وڵاتانی ڕۆژاوایی. لەسەر بەرژەوەندی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و لە ناوخۆی تورکیاش دۆخەکە لەبار نییە. ئێستا حکوومەتی تورکیا خەریکی تەسفیاتە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و لەوانەش جەهەپە. سەرکردەکانی جەهەپە لە زیندانن. دۆخێکی ئاڵۆزی ناوخۆیی هەیە و ئەو گۆڕانکارییەش کە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەکرێت بێ یەک و دوو تورکیاش لێی دوور نابێت. تورکیا بە سیاسەتەکانی دژی دراوسێیەکان هەموو ناوچەکەی خستۆتە مەترسی.
بە لەبەرچاو گرتنی یاسای تورکیا کە جەختی لەسەر نەتەوەی تورک و هاووڵاتی تورکە تەنیا، تا چەند دڵنیان لەوەی کە ڕەوتی ئاشتی پەکەکە و تورکیا سەرکەوتوو دەبێت و برایەتی کورد و تورک لەو وڵاتە دێتەدی ؟ یاسای تورکیا دەگۆڕدرێت؟
ڕەنگە تورکیا هەندێک یاسای خۆی بگۆڕێت بەڵام لەو ئاستەدا نابێت کە کێشەی کورد لەو وڵاتە چارەسەر بکات و کورد وەکورحەقیقەت و ڕاستی و نەتەوە و جوگرافیا لە تورکیا دانیپێدا بنرێت. پێشتریش وتم تورمیا بە دەوڵەت و گەلەکەیەوە ڕەزگەپەرەستیان تێدا بەهێزە و مەحاڵە نەتەوەیەکی تر جگە لە تورک قبووڵ بکەن. لە بەر ئەوە گومان هەیە کە ڕەوتی ئاشتی لە نێوان ئەکەپە و مەهەپە و پەکەکە سەرکەوێت. ئاشکرایە کە ئەکەپە یاری بە کات دەکات.بەڵام پەکەکە بۆ ڕای گشتی جیهانی نیشان دا کە دەستی کراوەیە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بە ئاشتەوایی، جا ئێستا دیار دەبێ کە تورکیا جیدی نییە لە مەسەلەکە و تاقەتەنیا ئەردۆغانە کە حەز دەکات لەسەر حیسابی کورد دەستوور بگۆڕێت و جارێکی تریش بێتەوە بە سەرۆک کۆمار و ئەگەر ئەوەش بکرێت، گومان هەیە لەوەی جارێکی تر تەسفیات لەگەڵ کورد نەکاتەوە و بە ڕاستی متمانە بە بەرپرسان و حوکمڕانانی تورکیا ناکرێت. ئەگەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی زلهێزی جیهانی سەرپەرەشتی ئەم دۆسیە نەکەن و تەنیا ڕێککەتنەکان لە نێوان پەکەکە و مەهەپە و ئەکەپەدا بێت، مەحاڵە سەرکەرێت.
تورکیا داوای چەک دانانی کوردی سووریا لەوانە هەسەدە و یەپەگە دەکات ، بە لەبەرچاوگرتنی هەژموونی تورکیا لەسەر حکوومەتی ئێستای سووریا ئەمە دێتەدی؟
ئەجێندای تورکیا لەسەر حکوومەتی ئێستای سووریا و ئەحمەد شەرع زاڵە. لەبەر ئەوە هێشتا ئەمن و ئاسایش لە سووریا نەهاتووەتەدی. مەحاڵە نەتەوەی سووریا دیکتاتۆرێکی نوێ وەکوو جۆلانی قبووڵ بکەن. ئەگەرچی تورکیا هەژموونی خۆی خستۆتە سەر حکوومەتی سووریا بەڵام چەکدانانی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک هەسەدە هەرگیز نایێتەدی و مەحاڵە ئەوە ڕوو بدات.. هەسەدە ئێستا دیفاکتۆیەکی سیاسی گەورە و بەهێز بەناوی بەڕێوەبەری خۆسەر لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پشتیەتی، چەکدارێکی زۆری خاوەن ئەزموونی هەیە و دەبێ بەشێک بێ لە داهاتووی سووریا و بەشدار بێ لە بڕیاڕدانی وڵات. هەسەدە دەتوانێ ببێتە کۆڵەکەی بەهێز و گەورەی سوپای سووریای داهاتوو و ئێستا سووریا سوپای نییە و شێوازی حوکمڕانی سەربازی و سیاسیش هەر تایفیە. حکوومەتی جۆلانی تا ئێستا داخوازی و مافەکانی نەتەوە جیاوازەکانی سووریای لەبەرچاونەگرتووە و میللەت ئەوەی لێ قبووڵ ناکات. ڕژێمی جۆلانی شەڕێکی ناوخۆیی داگیرساندووە لە ناوچەکانی ڕۆخی سووریا و ناوچەی دروزەکان و چاویشی لەوەیە کە شەڕ لەگەڵ هەسەدە بکات. بەڵام بێ گومان ئەوەی بۆ ناچێتە سەر و سەرکەوتوو نابێت. سووریا بەرەو لێوار ترازانێکی سیاسی دەچێت چونکوو لە هەموو ئەو تاقیکردنەوەیە لە ماوەی هاتنە سەر دەسەڵاتدا بەرەوڕووی بووەوە فەشەلی هێناوە و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ناو سووریا قبووڵی ناکەن. دووپاتی دەکەمەوە کە هەسەدە چەک دانانێت و هەرگیز نابێتە بەشێک لە ڕێکۆەوتنی مەهەپە و ئەکەپە و پەکەکە.
کوردی سووریا فیدڕالیزمی دەوێت یان لامەرکەزییەت؟
سووریا وەکوڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە ڕەنگ چیدیکە بەرگەی مەرکەزییەت ناگرێت، دەبێ ئەم وڵاتە بە هۆی بارودۆخی تایبەتی خۆیەوە بە شێوەی لامەرکەزییەت بەڕێوەبچێت. ئێمە وەکوو کورد لەگەڵ ئەوەین سووریا وڵاتێکی فرەڕەنگ بێ و سیستەمی سیاسی لامەرکەزی تێدا پەیڕەو بکرێت. بە لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندی باکوور و باکوووریی ڕۆژهەڵاتی سووریا و خۆبەڕێوەبەرییەک کە تێیدایە.
ئەمریکا و ئیسڕائێل و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە ئێستا پەیوەندیان لەگەڵ جۆلانی خۆشە، پێتان وایە گوشار بخەنە سەر کوردی سووریا و چەکی بکەن و دەستکەوتەکانی لەبار ببەن؟
بەڵێ وایە، زۆر وڵات ئێستا هاوکاری جۆلانی دەکەن بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئەوان لە دەسەڵاتی سووریا سەرکەوێت بە تایبەت سعوودیە، قەتەر و تورکیا کە هەر کامەو بەرژەوەندی خۆیان هەیە. مومکین نییە تورکیا حەز بکات کە هێمنی و ئەمن و ئاسایش لە سووریا بێتەدی. چونکوو ئەگەر کێشەکانی سووریا چارەسەر بێت ئەوە فوکووسی جیهان دەکەوێتە سەر تورکیا کە هەم ناوخۆیی و هەم دەرەکی بووەتە مەترسی. لە ناوخۆدا مەترسیە لەسەر نەتەوەکانی تری جگە لە کورد و لە دەرەوەشدا سیاسەتەکانی لە سەر وڵاتانی دراوسێی مەترسی دروست دەکات.
وڵاتانی هەرێمی و ناوچەیی ناتوانن گوشار بخەنە سەر کورد بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ حکوومەتی ئێستای دیمەشق. کورد پێشتر ئەو مەرجەی داناوە کە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی جۆلانی تەنیا بە چاودێری و دەستەبەریی ئەمریکا و فەڕەنسا دەکات. وەک ئەو کۆبوونەوانەی پێشتر لە نێوان کورد و دەوڵەتی کاتی سووریا ئەنجام درا هەمووی بە نێوبژیڤانی ئەمریکا و فەڕەنسا بووە. کوردی سووریا متمانەی نە بە جۆلانی هەیە و نە تورکیا و نە وڵاتانی عەرەبیش. چونکوو پرسی مەزەبی و تایفی لەبەرچاو دەگرن و حەز و خواستیان پەرەدان بە پەیکەرەی سوننەیە لە ناوچەکە و ئەوەش مەترسیە بۆ بابەتی یەکتر قبووڵ کردنی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان لە سووریا کە پێویستە لە ژێر چەترێکی سیاسی کورد و عەلەوی و دروزی و سوننە و شیعە و ...هەمووی کۆببێتەوە بۆ بەشداریی لە بەڕێوەبردنی وڵات .
Your Comment