به پیی هه وال ده ریی ئالو به یت(ع) ـ ابنا حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لەو دیدارە دا بە بەرزڕاگرتنی یادو بیرەوەریی شەهیدانی "حەوتی پوشپەڕ" بە تایبەتی ئایەتوڵڵا بەهەشتی دامەزرێنەری دەزگای دادی ئێران فەرمویان: دەزگای داد بە هۆی چاودێری کردنی چۆنیەتیی جێبەجێ کرانی یاساکان و پێشگرتن لە ڕوودانی تاوان و کاریگەریی لە سیاسەتە درێژماوەکان یەکجار زۆر گرنگە.
شی کردنەوەی ئەرکەکانی دەزگای داد بە تایبەتی بوژاندنەوەی مافی مرۆڤی ئیسلامی و پێ و شوێنگرتنی مافە زەوت کراوەکانی گەلی ئێران بە هۆی گەمارۆ زاڵمانەکان لەوان حوکمی ئەو دواییەی دادگا ئەمریکییەکان بۆ دەسبەسەرداگرتنی داراییەکانی گەلی ئێران بە بیانوی پڕوپوچ، بەشێکی دیکەی قسەکانی رێبەری مەزنی شۆڕش لە دیداری بەرپرسانی دەزگای داد بوو و بەڕیزیان فەرمویان، پێشێلکرانی مافەکانی گەلی ئێران بە هۆی گەمارۆکان ڕاستییەکە کە دەبێ لە ئاستی جیهانی دا پێ و شوێنی بگیردرێ.
پێ و شوێن گرتنی مافی هەزاران قوربانیی تیرۆریزم لە ئێران و بەرزکردنەوەی سکاڵا لە دژی ئەو دەوڵەتانەی کە بە ئاشکرا و نهێنی پشتیوانی لە بکوژەکانی ئەو قوربانیانە دەکەن و بەرگری مافەوانی لە کەسایەتییە زۆرلێکراوەکانی موسڵمان لە سەرانسەری جیهان لە خاڵەکانی دیکە بوون کە رێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە بەرپرسانی دەزگای دادی ئەسپارد.
ئاماژە بە دژبەیەکبوونی گفت و کردی جاڕدەرانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و بەرگریی لە مافی مرۆڤ بەشێکی دیکەی قسەکانی رێبەری مەزنی شۆڕش بوون لە دیداری بەرپرسانی دەزگای داد و فەرمویان: بە تێپەڕینی سێ دەیە بەسەر ڕووداوی تەقینەوەی نوسینگەی پارتی کۆماری ئیسلامی لە 27 ژۆئێنی 1981 دا ئەنجامدەرانی ئەو جینایەتە پاش هەڵاتن لە ئێران تا ئێستاش لە لایەن وڵاتە ڕۆژئاواییەکانەوە پەنا دراون و ئەوەش نیشانەیەکی ڕاشکاو لە نیازی چەپەڵی ئەو وڵاتانەیە.
بەڕێزیان بە ڕاسپاردنی بەرپرسانی دەزگای داد بۆ پێ و شوێن گرتنی پرسی چاونوقاندنی نەتەوە یەکگرتوەکان بە سەر جینایەتەکان و کوشتنی منداڵان لە یەمەن لە بەرانبەر وەرگرتنی پارە لە هەندێک وڵات، ئەو بابەتەی بە جێگای سەرشۆڕی و شەرمەزاریی گەورەترین دەزگای بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ زانی و فەرمویان بۆ لە قاودانی ئەو ڕیسواییە دەبێ لە ئاستی جیهانی دا کاری مافەوانی و دادڤانی ئەنجام بدرێت.
گرنگی دان بە پرسی فەلەستین،قودسی شەریف،و مزگەوتی ئەقساش تەوەرەیەکی دیکەی قسەکانی رێبەری لە دیداری بەرپرسانی دەزگای داد بوو کە رێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانیی قودس جەختی کرد، بە یاوەری خوا رۆژی هەینی جارێکی دیکە دەنگی یەکگرتووی بەرگری کردن لە گەلی زۆرلێکراوی فەلەستین لە سەرانسەری جیهان دا بەرز دەبێتەوە و ئومەتی ئیسلامی ئەرکی گرنگی بەرگری کردن لە زۆرلێکراوان بە جێ دێنێت.
پێداگری مەقامی مەزنی رێبەری لەسەر سەرنجی جیهانی ئیسلام بە پرسی فەلەستین و زۆرلێکراویی گەلی فەلەستین لە هەلومەرجێک دایە کە ڕژێمی زایۆنی هەوڵێکی بەرفراوانی لە ساڵانی ڕابردوو دا بۆ پەراوێز خستنی پرسی فەلەستین دەست پێ کردوە هەر بۆیە پێویستە ئەو پرسە لە ڕۆژەڤی جیهانی ئیسلام دا بمێنێتەوە.