ئەنجومەنی قەڵەمی تورکیا لە ڕاپۆرتێکی نوێدا لە ژێر ناوی "پێشێلکرانی مافی زمانی کوردی لە دادگەکانی تورکیا"، ڕوانیویەتییە هەلومەرجی بەکارهێنانی ئەو زمانە لە ڕەوتی دادوەریدا و نووسیویە: تەنیا ژمارێکی کەمی تۆمەتبارانی کورد توانیویانە لە دادگەکاندا بە زمانی دایکی ئاخاون بکەن، کەچی بەوەشەوە لە هەر پێنج کەس، چوارکەس دان بە هەڵاواردن لە دۆسیەی یاساییان دەکەن.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، لە ئەنجامی توێژینەوەیەک لە سەر 226 ڕۆژنامەنووس، نووسەر و چالاکی مەدەنی کوردی تورکیا، دەرکەوتووە کە کوردەکان گەورەترین کەمینەی ئیتنیکی و زمانی تورکیان کە چەندین دەیەیە لە مافی زمانی و شوناسی خۆیان لە فەزای گشتی و بە تایبەت لە ڕەوتی دادگەکانی تورکیادا بێبەشن.
توێژینەوەکە ئاشکرای دەکا کە لەسەدا 99ی تۆمەتباران لە کاتی وەرگیرانی لێدوانەکانیان لای پۆلیس مافی ئاخاوتن بە زمانی کوردییان پێ نەدراوە، لەسەدا 52ـیان ویستوویەتی بە زمانی دایکی خۆی بەرگری لە تۆمەتەکامنی بکات، کە لەسەدا 63ـیان وەڵامی نەرێنی وەرگرتووە. لەسەدا 78 کەسیان لەوباوەڕەن کە وەرگێڕان لێدوانەکانی ئەوانیان بەدروستی وەرنەگێڕاوەتەوە و لەسەدا 68ـیان دەڵین کە دادگە لە بەرامبەر داوکاریی ئەوان بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی، هەڵوێستی نەرێنی و هەندێجاریش بێڕێزانە بووە و زمانی کوردیی بە "زمانێکی نەناسراوە" وەسف کردووە، بە چەشنێک کە لەسەدا 47ـیان لەو باوەرەن کە قەدەغەی زمانی دایکی، کاریگەریی بەرچاوی لە سەر حوکمی دادگەکەیان بووە.
Your Comment