٢٥ شوبات ٢٠٢٥ - ١٧:٤٤
پەکەکە تەنیا بەم مەرجە پەیامی ئۆجەلان قبووڵ دەکات

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (كەجەكە) كە باڵی سیاسی پەكەكەیە ڕایگەیاند، پێویستە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڤیدیۆی بێت.

 بەسێ هۆزات وتی: هیچ ئامرازێكی دیكە بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ڕێبەری پەکەکە قبووڵ ناكەن.

دەشڵێت، "توركیا جدی نیە لە پرۆسەی ئاشتی و ئەگەر ئەو كارەیان دەوێت دەبێت گۆشەگیریی ئیمرالی كۆتاییبێت، بەدەر لەوە خەیاڵێکی پوچە".

بەسێ هۆزات رایگەیاند، وەزیری دادی توركیا، دوو سێ ڕۆژ لەمەوبەر لێدوانێکی دا و باسی لەوەكردوە كە "پەیامی ڤیدیۆیی لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە پێچەوانی یاساكانە". لە ڕاستیدا ئەوە لێدوانێکی جددی نییە. بە توندی ئەو ڕێبازە ڕەتدەکەنەوە و ڕەخنەی لێدەگرن و بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن.

لەبارەی مەرجەكانی پەكەكەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیا، بەسێ هۆزان ڕونیكردەوە، پێویستە سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمرالی هەڵبگرن و هەڵبوەشێننەوە، چونکە ئەوە تاوانە و یاسا پێشێل دەکەن. هەروەها بارودۆخی ژیان و کارکردن بۆ ئۆجەلان دابین بکەن. ئەو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێندرێت، ڕۆڵی خۆی دەبینێت و هەمو جۆرە کۆششێک دەکات بۆ ئەوەی تورکیا بەرەو دیموکراسی ببات، پرۆسەکە لە گۆڕەپانی شەڕەوە دەگوازێتەوە گۆڕەپانی سیاسی و یاسایی. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، "ناتوانم لە ژێر گۆشەگیریدا ئەم کارە بکەم".

دەشڵێت، "ئێستاش دەڵێن با پەیامەکەی ڕابگەیەنێت، بەڵام بە ڤیدیۆیی نەبێت. دەبێت بە نووسراوبێت، خۆیشی نەیخوێنێتەوە، با کەسێکی تر بیخوێنێتەوە. ئێمە بە توندی ئەم سیاسەتە ڕەتدەکەینەوە و هیچ ڕەوایەتییەکی پێنادەین، کاریگەریی نییە و لای ئێمە جێگەی قبووڵکردن نییە.

342/