شێخ نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لە ڕیوڕەسمی بەڕێکرانی تەرمی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا، ڕایگەیاند:بە ناوی برا و پێشەوام سەید حەسەن نەسروڵڵا دەتانکەمە بەردەنگی خۆم و دەڵێم، ئەی بەڕیزترین و بە ئەمەگترین و خۆشەویستترینی خەڵکان کەوا سەربەرزتان کردین، ئەمڕۆ پێکەوە ماڵاوایی لە خۆشەویستی خەباتکاران و خەڵک و هەژاران و چەوساوانی سەر زەوی و فەلەستینییەکان دەکەین.
نەعیم قاسم بە ئاماژە بە پاراستنی ئەمانەتی سەید حەسەن و درێژەدان بە بوار و وەسیەتەکەی، جەختی کرد: ئەوڕۆ ڕێبەرێکی بێ وێنەی مێژوویی، نەتەوەیی، عەرەبی و ئیسلامی کە نمانەی هەموو ئازادەکانی جیهانە، بەڕێ دەکەین.
ناوبراو هەروەها ڕۆڵی بەرزی سەید حەسەن نەسروڵڵای لە بووژاندنەوەی ئامانجی فەلەستین نرخاند و وتیشی: ئێمە درێژە بەو ئامانەتەت دەدەین و تەنانەت ئەگەر ماڵ و خانوومان لێ بڕووخێنن و هەموو شەهید بکرێین. ئێمە پابەندی ئەو بەڵێنە دەبین کە لەگەڵ تۆ بەستوومانە نەسروڵڵا و ڕێگەی تۆ تا شەهیدبوون درێژە پێ دەدەین.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لە درێژەدا ئاماژەی بە هێرش و پەلامارەکانی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر لوبنان و فەلەستین کرد و ڕایگەیاند: بەوەشەوە 75 هەزار زایۆنی بە هۆی خۆڕاگری و پاوەجێی هێزەکانی ئێمە نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن. بۆیە وەڵامی دوژمن بۆ ویستی ئاگربڕیشمان دایەوە، چونکە درێژەی شەڕ بەبێ پێشکەوتی سیاسی یان مەیدانی هیچ سوودێکی بۆ بەرخۆدان و لوبنان نەبوو و ئەمە خاڵی ئیجابی ئێمە بوو کە لە کاتی خۆیدا بڕیاری ئاگربڕمان دا.
شێخ نەعیم قاسم پێشیڵکارییەکانی ڕژیمی زایۆنی لە بڕیاری ئاگربڕ و کشانەوەی سەربازانی لە خاکی لوبنان، بە پیلانی داگیرکاری و دەستدرێژی بۆ سەر خاکی لوبنان زانی و هەڕەشەی کرد: واباشە بزانن کە بەرخۆدان ئامادەیە و ئێمە ئیمانمان هەیە کە سەرکەوتنی کۆتایی لێبڕاوانەیە و ئەم سەرکەوتنە ڕەنگە درێژە بخایێنێت، بەڵام بێ گومان هەر وەدی دێت.
ناوبراو هەروەها پاڵپشتی لە غەزەی بە بەشێک لە ئیمانی بەرخۆدان بە ئازادکرانەوەی فەلەستین زانی و جەختیشی کرد: ئەی ئەوانەی نووستوون، ڕابن و ببینن کە چۆن بەرخۆدان نموونەیەکی باشی لە خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنی و ستەمی ئەمریکایی لە خۆی نیشان داوە.
