AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ckb.abna24
دووشەممە

٩ تشرینی یەکەم ٢٠١٧

٨:١٦:٤٤ د.ن
859373

سەردار قاسم سلێمانی سەرەخۆشی خۆی ڕادەگەیەنێت بەبۆنەی کۆچی دوایی جلال تاڵەبانی

سەردارقاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی، پرسەنامەی بۆ کۆچی دوایی مام جەلال ناردووە، و رایدەگەیەنێت، تاڵەبانی نزیکەی ٦٠ساڵ خەباتی کرد بۆ ئازادی ھەموو نەتەوەکانی عێراق.

سەردارقاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی، پرسەنامەی بۆ کۆچی دوایی مام جەلال ناردووە، و رایدەگەیەنێت.

بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ـ ابنا ـ سلێمانی، لەپەیامەکەیدا، دەڵێت، ھەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز جەلال تاڵەبانی، نەک ھەر خەڵکی عێراق، ھەموو نەتەوەکانی ناوچەکەی خەمبارکرد، کەسایەتییەک کە نزیک بە ٦٠ساڵ خەباتی کرد بۆ ئازادی ھەموو نەتەوەکانی عێراق چ عەرەب، کورد، شیعە، تورکمان، سوننە و ئێزدی و مەسیحی، بە حەق ناوی"مام"بە باڵایدا بڕابوو. کەسایەتی ئەم پیاوە گەورە ھێشتا لە عێراق و بگرە ھەرێمی کوردستانیش بە باشی نەناسراوە.

ھەروەھا وتوویەتی، تاڵەبانی کەسێک بوو، کە کورسییە نوێیەکان ھیچی بەو زیاد نەدەکرد، بەڵکوو ئەوە ئەو بوو کە بایەخی بە کورسییەکان دەدا، و بە دەیان جار بووە ھۆکاری ڕزگاربوونی ھەموو خەڵکی عێراق، لەشەڕ و ئاژاوە و ناکۆکی"ئەوە ئەو بوو کە مافی ڕەوای گەلی کوردی لە یاسای بنەڕەتی عێراق چەسپاند و ھاوکات لە مافی ھەموو عێراقییەکانی دیکەش پشتیوانی دەکرد".

ئەوفەرماندە ئێرانییە، دەڵێت، تاڵەبانی مەزن جیھانی ئیسلام، و ئێرانی بەدوو بابەتی قووڵایی ستراتیژێک دەبینی و ھەر بەم بۆنەشەوە ئەم دوو بابەتە، لەلای سەرۆک کۆماری کۆچ کردووی عێراق ھێڵی سوور بوون و ڕێگەی نەدەدا ئەم ھێڵە سوورانە ببڕێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمڕۆ شوێنی ئەم ھاوڕێ ئازیز و بەرزە، یەکجار خاڵییەو بەتایبەت قەیرانی ئێستەی ھەرێمی کوردستان، کەسایەتییەکی وەھا پێویستە، کەسایەتییەک کە ھەرگیز سواری ھەست و سۆزی خەڵک نەدەبوو، بەڵکوو بەردەوام ھەوڵیشی دەدا ھەست و سۆزی خەڵک بەرەو عەقڵانییەت ببات.

"تاڵەبانی ھەموو ژیانی خۆیی بۆ عێراق تەرخانکرد، و بە حەق دەتوانین ناوی شەھیدی ڕێگەی عێراق لەم کەسایەتییە بنێین، تاڵەبانی قوتابخانەیەکی باشی لەدوای خۆی جێھێشتووە و ھیوادارم شاگردەکانی قوتابخانەی مام جەلال، وەک ئەو بە وردی ھەموو بابەتەکانی ناوچەکە و جیھان بخوێننەوە و عەقڵانیەت، بە سەر ھەست و سۆزدا زاڵ بکەن و ڕێگەی ئەم پیاوە گەورە درێژە پێبدەن"قاسم سلێمانی وادەڵێت.

لەکۆتاییدا نوسیویەتی، من بەش بە حاڵی خۆم بۆ کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە گەورە، و مامۆستا خەباتکارە و کەسایەتی ئەخلاق و ئەدەبی ئیسلامییە تازیەتبار و شینگێڕم، سەرەخۆشی ئەم خەمە گەورەش لە بنەماڵەی تاڵەبانی، ھاوژین و منداڵەکانی و ھەموو ڕێبەرانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم، و بۆ ئەو ھاوڕێ سەفەر کردووە باڵاترین شوێن و پلە لە لای خوای گەورە و مەزن داوا دەکەم.

مام جەلال، رۆژی ٣ی ئەم مانگە لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد، و ھەینی رابردوو، تەرمەكەی گەڕێندرایەوە سلێمانی و ھەمان رۆژ لە گردی دەباشان بەخاک سپێردرا.