AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ابنا
پێنجشەممە

١٨ ئایار ٢٠٢٣

٨:٣٨:٥٩ د.ن
1366868

ئەلسودانی: فەلەستین دڵی سیاسەتی دەرەوەی عێراقە

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتەکەی بەرگریکارێکی سەرسەختی گەڕانەوەی سوریا بووە بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، ئاماژەی بە ڕۆڵی دیار و بەرچاوی بەغداش کرد لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عەرەبستان و فەلەستینیشی بە دڵی سیاسەتی دەرەوەی عێراق ناوبرد.

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی کە بڕیارە لە شاری جەددەی عەرەبستان بەڕێوەبچێت، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی کۆمکاری عەرەبی ڕۆڵی خۆی لە ڕێنماییکردنی کاروبارەکاندا بگێڕێت.

سودانی بە ئاماژە بە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عەرەبستان بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و ڕۆڵی عێراق تێیدا، وتی: عێراق ئەو ڕۆڵە پێشەنگانەی بینی کە چاوەڕوانی لێدەکرا بۆ یەکگرتنی وڵاتانی عەرەبی و ڕێگریکردن لە ناکۆکییە ناوچەییەکان و بەوپەڕی پشوودرێژی و ئارامییەوە هەوڵی دا بۆ لێک نزیک کردنەوەی ڕوانگەکانی ئێران و عەرەبستان و ئەمەش بەستێنی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات خۆشکرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها باسی گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی کردو وتیشی: عێراق یەکێک بوو لە دیارترین لایەنگرانی گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی دوای چەندین ساڵ لە دابڕانی، چونکە پەیڕەوی دیپلۆماسیەتی وتووێژ و یەکگرتنی عەرەبی کردو گەڕانەوەی سوریا ئاماژەیە بۆ کۆتایی هاتنی زریانی دووبەرەکی و ناتەبایی لە ناوچەکەدا کە ساڵانێکە کاریگەری لەسەر پەیوەندیی نێوان برایان داناوە.

«محەمەد شیاع سودانی» هەروەها فەلەستینی بە ناوەند و دڵی سیاسەتی دەرەوەی عێراق ناوبردو جەختی لەوەش کردەوە کە هەڵوێستی جێگیر و پرەنسیپی عێراق پشتیوانیکردنە لە مافی ڕەواو دادپەروەرانەی نەتەوەی فەلەستین، عێراقیش پشتیوانی لە هەوڵەکانی فەلەستینییەکان دەکات بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە پێتەختایەتیی قودسی پیرۆز.

342/