AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
دووشەممە

٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٢

٥:٣٦:٢٢ د.ن
1327063

سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد

دوێنێ یەکشەمە «عەبدولەتیف ڕەشید» سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە سەردانی بەغدایان کردووە.

بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، «عەبدولەتیف ڕەشید» سەرۆک کۆماری عێراق لە شاری بەغدا، پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردو لە کۆبونەوەیەکدا سەرۆک کۆماری عێراق خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بۆ بەغدای پێتەخت دەربڕی.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە، پێویستە دەستور وەکو بنەمایەک سەیر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و پشتیوانیی خۆیشی بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان لەو چوارچێوەیەدا پیشان دا.

وەک باسیشی دەکرێت، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی سەرۆک کۆماری کردووە بۆ ئەو پێشوازی و پاڵپشتییە و ئاماژەشی بەوە داوە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی خۆی پیشان داوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەسەر بنەمای دەستور.

جێگای ئاماژەیە شاندەکەی حکومەتی هەرێم لە «دارا رەشید» وەزیری پلاندانان، «کەمال محەمەد» وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، «ئومێد سەباح» سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، «ئامانج رەحیم» سکرێتری ئەنجومەنی وەزیران، «عەبدولحەکیم خەسرەو» سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، «جوتیار عادل» وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وسەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری و «فارس عیسا» سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا پێکھاتبوو.

342/