AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
ھەینی

٢٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٢

٦:٣٧:٤٥ د.ن
1326184

ئەسەد: شەڕخوازی ئامرازێکە بۆ درێژەدان بە هەژموونیی ڕۆژئاوا

سەرۆکی سوریا کە میوانداری سەرۆکوەزیرانی بیلاڕوسە، ڕایگەیاند، ڕۆژئاواییەکان بە سیاسەتی شەڕخوازانە مانەوەی خۆیان دەستەبەر دەکەن.

 نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە «ڕۆمان گلاڤچێنکۆ» سەرۆکوەزیرانی بیلاڕوس سەردانی «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سوریای کرد و پەیامێکی سەرۆکی ئەم وڵاتەی بە ئەسەد گەیاند.

سەرۆکی سوریا لەم دیدارەدا ڕایگەیاند: بێلاڕوس بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەی لە ناخی ئەوروپا و سەربەخۆیی بڕیاردان و سیاسەتەکانی کراوەتە ئامانج. هەروەها ڕۆژئاوا سیاسەتێکی شەڕھەڵایساندنی گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانی خۆی بدات؛ چونکە ئەگەر ئەم شەڕانە بوەستن، سیستەمی هەژموونگەریی ڕۆژئاوا دەڕووخێت.

«ئەسەد» لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ڕۆژئاواییەکان نەیانتوانی بە سیاسەتی شەڕھەڵایساندنی خۆیان لە وڵاتانی وەک سوریا و ڕووسیا و بیلاڕوسدا بە ئامانجەکەیان بگەن، هەر بۆیە ڕوویان لە شەڕی ئابووری کردووە. بۆیە گرنگە وڵاتان یەکبگرن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕانە و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی ئەو پرەنسیپ و بەهایانەن، دیارە بەم شێوەیە ڕۆژئاوا گۆشەگیر دەبێت.

سەرۆکوەزیرانی بیلاڕوسیش لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە بوارەکانی هاوکاری لەگەڵ سوریا سنووردار نین، هیواشی دەربڕی کە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوام بن و بەم شێوەیەش بوارەکانی چالاکیی و کارکردن فراوانتر ببن.

«ڕۆمان گلاڤچێنکۆ» ڕایگەیاند کە لەم ڕۆژانەدا هاوپەیمانیی نوێ دروست دەکرێن کە سەربەخۆن لە ڕۆژئاواو ئاماژەی بەوەش دا کە هێرشەکانی ڕۆژئاوا لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ئامانجی خراپترکردنی بارودۆخی ژیانی ئەم وڵاتە و ڕاگرتنی چالاکییە ئابوورییەکەیە.

342/