AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
شەممە

١٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٢

٤:٣٥:٥٧ د.ن
1324666

ڕابەری مەزنی شۆڕش: بێ گومان باروبنەی ملھوڕایەتی سەرەنجام ھەر دەپێچرێتەوە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ئامانجی سەرەکیی ڕێکخەرانی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی بۆ ڕاکێشانی خەڵک بەرەو گۆڕەپان گەڕاندەوەو وتی: بێ گومان باروبنەی ملھوڕایەتی سەرەنجام ھەر دەپێچرێتەوەو نەتەوەی ئێرانیش بە ھێزێکی زیاترو ورەیەکی باڵاترەوە جوڵان بە ئاراستەی پێشکەوتنی وڵات بەردەوام دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ئەمڕۆ شەممە لە دیداری سەدان کەس لە جەماوەری ئەسفەھان وتیشی: ئەم ڕووداو و تاوان و وێرانکاریانە کێشە بۆ خەڵک و کاسبکاران دروست دەکەن، بەڵام کەسانی ئاشکراو پشت پەردەی ئەم ئاژاوانە بچوک و بێ بایەختر لەوەن کە بتوانن زیان بە حکومەت بگەیەنن.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕایگەیاند: کێشەی سەرەکی ئیستکبار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ئەگەر ئەم حکومەتە بەرەوپێش بچێت و لە جیهاندا دیار بێت، ئەوا لۆژیکی لیبراڵ دێموکراسی لە جیهانی ڕۆژئاوادا پووچەڵ دەبێتەوە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختی لەوە کردەوە: بەهۆی ئەم ناڕەحەتی و توڕەییە، ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان بە هەموو ھەست و نەستیانەوە دێنە مەیدانەوە، کەچی ھیچیشیان پێ ناکرێت، وەک چۆن پێشتریش پێیان نەکراوەو لە داهاتووشدا پێیان ناکرێت.

هەروەها ڕابەری مەزنی شۆڕش وێڕای ئاماژە کردن بە شێوازی ڕۆژئاواییەکان کە دژی ئازادی و دیموکراسی لە وڵاتاندا بە ناوی ئازادی و دیموکراسیەوە مامەڵە دەکەن، وتیشی: وڵاتی ئەفغانستان نموونەیەکی نزیک و ئاشکرایە کە ئەمریکییەکان لەوێ بە بیانووی جەماوەری نەبوونی حکومەت ھەڵیانکوتایە سەری، بەڵام دوای ٢٠ ساڵ تاوان و تاڵانکردن، هەر ئەو حکومەتەی کە دژی بەشەڕ ھاتبوون ھاتەوە سەر کارو ئەوانیش بەوپەڕی سەرشۆڕییەوە کشانەوە.

ڕابەری مەزنی شۆڕش وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە لە پێکدادانی بنەمایی ئێران و ئیستیکبار، ئەمریکا لە ھێڵی پێشەوەدایەو ئەوروپا لە پشت سەری ئەمریکاوە وەستاوە، وتیشی: لە ماوەی ساڵانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا، هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا بە هەموویانەوە کارتەر، کلینتۆن و ئۆبامای دیموکرات  و ڕیگان و بوش و ئەو مێشک ڕزیوە کۆماریخوازەی پێشوو ھەتا ئەم سەرۆک کۆمارە خەرەفاوەی ئێستا کە دەیەوێت خەڵکی ئێران ڕزگار بکات، هەموویان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران وەستان و لە هەموو لایەکیش کە پێیان کرا، لەوانە ڕژێمی زایۆنیش وەک سەگی هارو مەرەس کراوی  خۆیان و هەندێک وڵاتی ناوچەکە یارمەتییان وەرگرت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی توانای گۆڕینەوەی دەرفەت بە هەڕەشەی بە بەشێک لە سروشتی نەتەوەیەکی ئیماندار زانی و ئاماژەی بەوەش دا کە: مێژووی گەلی ئێران لە هێنانەدیی دەرفەت لە بەرگریی پیرۆزدا وای لێکردن کە تەنانەت ھەتا ئەمڕۆش، هەرکاتێک دوژمن بیر لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بکاتەوە، ئەوەیان وەبیر بێتەوە کە گەلی ئێران لە شکان نەھاتووە، وەک چۆن گەلێک جار بە ئەمریکییەکان و نەیارانی خۆیانیان وتووە کە«ھاتنتان بە خۆتانە بەڵام گەڕانەوەتان نا» و ئەگەر دەست درێژکاری بکەن، پێوە دەبن و لەنێو دەچن.

342/