بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنیی «ئەلمەملەکە»ی ئوردۆن، لێژنەی سەربەخۆی بەدواداچوونی نێونەتەوەیی سەربە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کەرتی غەززە کشاونەتەوە، بەڵام ھێشتاش لە بەر سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر ئەم ناوچەیەدا بەردەوامن لە داگیرکردنی ئەم ناوچەیە.
ئەم کۆمیتە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە ، کەرتی غەززە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە ژێر گەمارۆی توندی ڕژێمی زایۆنی و بەرتەسک کردنەوەیی هاتووچۆی خەڵک و کاڵاو شت و مەک دایە.
بەپێی راپۆرتی ئەم لیژنەیە، رژێمی ئیسرائیل کۆنترۆڵی زۆرێک لە کاروباری کەرتی غەززە دەکات، ھەر لە سنووری ئاسمانییەوە بگرە ھەتا، ئاوەکانی ئەم سەرزەوینەو، دەروازەی وشکانی، ژێرخانی مەدەنی لەوانە ئاو و کارەباو هەروەها ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەت لەوانە فەرمانگەی تۆماری ناوونیشان و پێناسەی فەلەستینیەکان و ئا بەم ڕێگاگەلە بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردن و داگیرکاری.
ئەم ڕاپۆرتە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ٨٠٪ی حەشیمەتی دووملوێن و سێسەدھەزار کەسیی کەرتی غەززە پێویستی بە یارمەتیی مرۆڤدۆستانەیە.
ساڵی ڕابردووش «گیلعاد ئەردان» نوێنەری ڕژێمی زایۆنی لە کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دڕاندنی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ئەم ڕێکخراوەیە وتی: جێگای ئەم ڕاپۆرتە چەواشەکارانەو یەک لایەنەیە بەس زبڵدانە.
342/