AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : sahartv
دووشەممە

٢٣ ئایار ٢٠٢٢

٢:٢٣:٢١ د.ن
1260064

سەلاحەدین بەهادین بۆ نێچیرڤان بارزانی: هاوڵاتیانی هەرێم چیتر بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن

ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان پێشوازی له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێم کرد و رایگه‌یاند، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و نەوەکانی داهاتو چیتر بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن، نائومێدی هاوڵاتیان و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەش ئەوە دەخوازێت کە بەرپرسان بیر لە داهاتوی هەرێم بکەنەوەو بە یەکڕیزی ڕوبەڕوی گرفت و تەحەدیەکان ببنەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - نوسینگه‌ی ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بڵاویکرده‌وه‌، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە سەلاحەدین بەهادین بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێکردن، لەبارەگای نوسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی پێشوازیکرد لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کە پێکهاتبون لە شێخ جعفر شێخ مستەفا، مستەفای سەید قادر جێگرانی سەرۆکی هەرێم، لەدیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.

 سەلاحەدین بەهادین له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا رایگه‌یاند، "هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و نەوەکانی داهاتو چیتر بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن، نائومێدی هاوڵاتیان و گۆڕنکارییەکانی عێراق و ناوچەکەش ئەوە دەخوازێت کە بەرپرسان بیر لە داهاتوی هەرێم بکەنەوەو بە یەکڕیزی ڕوبەڕوی گرفت و تەحەدیەکان ببنەوە، چونکە چ لەڕوی ناوخۆیی و چ لە ڕوی نێودەوڵەتیەوە هەرێم لەمەترسیدایە و هۆکاری سەرەکیش ململانێ و بێباکی هێزەکانی دەسەڵاتە".

 ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە بەمەبەستی ڕەواندنەوەی گرژیەکان و دروستکردنی هاوهەڵوێستی نێوان لایەنە سیاسیەکان سەردانی سلێمانی کردوەو داواشی لە سەلاحەدین بەهادین و سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی کرد کە وەک هەمیشە ڕۆڵی خۆیان لە پرۆسەی ئاشتەوایی و چاکسازیدا بگێڕن.

342/