AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
یەکشەممە

٢٤ نیسان ٢٠٢٢

٤:٣٨:٥٨ ب.ن
1251046

داوای ھەرێم لە بەغدا بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شەنگاڵ

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایگەیاند، چارەسەر کردنی دۆخی شنگال لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق دایە، چوونکە بڕیار دراوە کە پەکەکە و ھێزی میلیشیا شنگال چۆڵ بکەن، بۆیە پێویستە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، ئینجا گەر بەخۆشی نەبێت پێویستە ھێز بۆ چۆڵکردنیان بەکار بھێندرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دۆخی شنگال لە ڕووی ئەمنی زۆر خراپە، تاوەکوو ھێزی میلیشیا و پەکەکە لە شنگال ھەبن دۆخی ئەو شارە خراپ دەبێت و ئاسایی نابێتەوە، چوونکە بەردەوام حکوومەت شاند ڕەوانە دەکات و ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چوونکە ئەوە چارەسەری دۆخی شنگال ناکات و پێویستە ئەو ڕێککەوتنەی کراوە جێبەجێ بکرێت".

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتیشی: "پێویستە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت کە حکوومەتی عێراق داویەتی بۆ چۆڵ کردنی پەکەکە و میلیشیاکان لە شنگال، چوونکە بڕیارەکە دراوە و جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە، چوونکە ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنیان کردووە لەسەر چەند خاڵێک، کە سەرەتا دۆخی شنگال لە ڕووی ئەمنی ئاسایی بکرێتەوە ئەویش بەدەرکردنی ھێزی پەکەکە و میلیشیاکان، بۆ ئەوەی دواتر ھەنگاوی دیکە بنرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بۆیە خاڵی یەکەم پێویستە جێبەجێ بکرێت".

لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت گوتیشی: "کۆمەڵێک ھێزی چەکدار لە شنگال ھەن و پێویستە حکوومەتی عێراق ئەگەر بەخۆشی ئەو ھێزانە ناوچەکە چۆڵ نەکەن ھێز لە دژیان بەکار بێنێت و ھەر چۆنێک بێت شنگال چۆڵ بکەن، چونکە ناکرێت دۆخی شنگال بەردەوام لەڕووی ئەمنیەوە بەو شێوەیە خراپ بێت".

342/