AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Sahartv
سێشەممە

٢٢ شوبات ٢٠٢٢

٤:٣١:١٧ ب.ن
1232123

حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان : به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بڕیاره‌که‌ی دادگای فێدڕاڵ جێبه‌جێ ناکه‌ین

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ڕێگه‌ى وته‌بێژه‌که‌یه‌وه‌ جارێکى دیکه‌ وه‌ڵامى عێراق ده‌داته‌وه‌و بڕیاره‌که‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵى ڕه‌تده‌کاته‌وه‌.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا -جوتیار عادل ده‌ڵێت:"ئێمە لەسەردەمی حکومەتەکەی مالیکی ڕێککەوتنمان کرد کە تا یاسای نەوت‌و غازی عێراق دەردەچێت، هەرلایەک بۆی هەیە وەبەرهێنان لەکەرتی نەوت‌و غازدا بکات"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئەو کێڵگانەی کە پێویستبوو گەشەی پێبدرێت، له‌هەرێم گه‌شه‌یان پێدراوه‌، چونکە لەدەستووردا ئاماژە دەکات کە تەنها ئەو کێڵگانەی کە هەن، عێراق بۆی هەیە گەشەی پێبدات، نەک ئەوانەی نوێیە".

جوتیار عادل وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم وتویه‌تى:"ئێمه‌ دڵنیاین لەو گرێبەستانەی کە ئەنجاممانداون، چونکە پشتمان بەدەستوورو یاسای نەوت‌و غازی هەرێم بەستووە، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیش بەبڕیارێکی سیاسیی دەیبینین، بێگومان ئەوە پەیوەستە بەچەند هۆکارێکی دیکەو چەند ڕەھەندێکی سیاسیی ھەیە".

وته‌بێژى حکومه‌ت به‌میدیاى تورکیاى وتوه‌، "دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێرو بەغدا دۆسیەکی ئاڵۆزەو ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامبوین لەم بابەتەو گرفتێکمان هەبوو لەگەڵ حکومەت، هەربۆیەش لەشوباتی 2007 بەیەکەوە ڕەشنوسێکی یاسای نەوت‌و غازی عێراقمان داڕشت، بەڵام تاکلایەنە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەم ڕەشنووسە هەموارکرایەوە کە ئەمەش وایکرد ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی هەرێم هەیەتی لەبەهاکەی بەتاڵبکاتەوە، بۆیە ئەو ڕەشنووسەی کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوین جێبەجێنەکرا".

بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى نێوانیشیان له‌گه‌ڵ به‌غدا جوتیار عادل ئاشکرایکردوه‌، "بڕیارەکانی دادگا تانەی لێنادرێت، چونکە دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامدەبین لەگفتوگۆو هەڵوێستی خۆمان ڕوونکردۆتەوەو نایشارینەوە، دادگای فیدڕاڵیش لەڕۆحی دەقەکانی دەستووردا لایەنگیریی دەکات کە بەداخەوە ئەمە جێگای قبوڵ نییە".

شیاوی ئاماژەیە چەند رۆژ لەمەوبەر نوسینگەی نووری مالیکی رەتی کردەوە ناوبراو لەسەر نەوت و گاز رێککەوتنی لە گەڵ ھەرێمی کوردستان کردبێت .  

342/