AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Parstoday
یەکشەممە

١٣ شوبات ٢٠٢٢

١١:٥٠:١١ ب.ن
1229098

سەفین دزەیی: پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە هەموو بوارەکاندا لە ئاستێکی زۆر باش دایە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە وەک خەڵکی هەرێم هەموو کات بە چاوێکی ڕێزەوە سەیری پەیوەندییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - «سەفین دزەیی» لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە چل و سێهەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕسی ئیسلامیی ئێران کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، وتی: پەیوەندییەکانی نێوان کورد و هەرێمی کوردستان لە گەڵ گەلانی ئێران و کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەکی دێرین و مێژووییە و ئەو پەیوەندییەش زیاتر بۆ ڕۆژانی سەخت و تەنگانە دەگەڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامی و ئێرانییەکان هەموو کات هاوکار و یارمەتیدەری عێراقییەکان و بە تایبەت خەڵکی کوردستان بوون.

ناوبراو وتی: لە کاتی ئەو نەهامەتی و کارەساتانەی کە بە سەر خەڵکی کوردستاندا هاتوون، وەک کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆمەڵکوژییەکەی ئەنفال و کۆڕەوە میلیۆنییەکە، هاوکارییەکانی ئێران و خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ خەڵکی چەوساوەی کوردستان هیچ کات لەبیر ناکرێت.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ئێمە و ئێرانییەکان خاڵی هاوبەشی زۆریشمان هەیە، خەڵکی کورد لە گەڵ گەلانی ئێران کەلتور و دیرۆکێکی هاوبەشیان هەیە و ئەو مافەش بە خۆمان دەدەن هەموو کات چاوەڕوانی زیاتریشین لە ئێران و کۆماری ئیسلامی بکەین.

سەفین دزەیی ڕاشیگەیاند کە، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی زۆر باشدایە و دەرفەتی پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکانیش هەیە.

ناوبراو وتی: لە هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە زمان و کەلتوری فارسی دەدرێت.

وتیشی، سەقامگیریی ناوچەکە بەندە بە تەبایی و لێک تێگەیشتن و ئێرانیش ڕۆڵێکی کاریگەری لە سەر سیاسەتی ناوچەکە هەیە و بە پێویست دادەنرێت کە کێشەکانی ناوچەکە بە گشتی لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکرێت.

دزەیی لە کۆتایی وتەکانیدا بە بۆنەی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕسی ئیسلامی، پیرۆزبایی خۆی بە گەلانی ئێران، حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆنسوڵخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ڕاگەیاند.

342/