AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : Mehrnews
یەکشەممە

٢٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٢

١:٠٥:٣٢ د.ن
1221674

بارزانی داوای پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دەکات

یەكێتی و پارتی هەردولایان سورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار و بارزانی بە فەرمی داوای ئەو پۆستەی لە یەكێتی كردووە و سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆتا بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لەسەر پرسی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆبونەوە و بەپێی زانیارییەكان لەسەر ئەو پرسە نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن.

شارپرێس لە سەرچاوەیەكی باڵاوە زانیاری دەست كەتووە، كە لە كۆبونەوەكەدا بارزانی بە فەرمی داوای پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی لە بافڵ تاڵەبانی كردووە و وتویەتی با ئەم خولە ئەو پۆستە بەر پارتی بكەوێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بافڵ تاڵەبانی، ئەو داوایەی ڕەتكردووەتەوە و سوربوونی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دوپاتكردووەتەوە و وتویەتی: ئەو پۆستە پشكی یەكێتییە.

جەختكردنەوەی یەكێتی و پارتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەكاتێكدا، یەكێتی بەرهەم ساڵەح و پارتی هۆشیار زێباری بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە، پێدەچێت هەمان سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە ببێتەوە و پارتی و یەكێتی هەر یەكەو بە كاندیدێكەوە بچنە هۆڵی پەرلەمانی عێراق.

سەرچاوەکانی شارپرێس ئاماژە بەوە دەکەن، لە رۆژانی ڕابردودا وڵاتانی ھەرێمی و جیھانیی ھەوڵیان داوە و داوایان کردووە، کە پارتی و یەکێتی بە یەک کاندیدەوە بچنە ھۆڵی پەرلەمان و ھەوڵەکانیشیان بەردەوامیی ھەیە.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، ئەمشەو مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر ئەو پرسە كۆبووەتەوە و وابڕیارە سبەینێ، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكانی كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆببێتەوە و كۆتا بڕیار لەسەر پرسی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بدات.

لە کۆبونەوەی ئەمشەوی مەکتەبی سیاسیدا، کە قوباد تاڵەبانیش لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەشدارییکردووە، کۆدەنگییەک ھەبووە لەسەر ئەوەی کە پێداگربن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەکە و سەرخستنی کاندیدەکەیان