AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : sahartv
سێشەممە

١٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٢

٨:١٢:٤٢ د.ن
1220298

دووھەمین کۆبوونەوەی بازرگانیی ئێران و ھەرێمی کوردستان

ھاوکات لەگەڵ ناردرانی شاندی بازرگانیی ٦٠ کەسەی ژووری ھاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق بۆ ھەولێر، دووھەمین کۆبوونەوەی بازرگانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەرێمی کوردستان بەرپا دەکرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا -بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی ئیرنا، «جەھانبەخش سەنحابی شیرازی» سکرتێری گشتیی ژووری ھاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق باسی بەرپا کرانی دووھەمین کۆبوونەوەی بازرگانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەرێمی کوردستانی کردو وتیشی: لە ئاراستەی بەرنامەیەکی ٢٠ ملیارد دۆلاریی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندیی بازرگانیی ئێران و عێراق و بۆ پێکھێنانی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان وەبەرھێنەرانی ئێرانی و بازرگانانی عێراق و دۆزینەوەی بازاڕی ناردەی کەل و پەلی ئێرانی، شاندێکی داگری ٦٠ کەس لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان و بازرگانیی ئێران لە بەرواری ٢٨ی بەفرانبارەوە ھەتا یەکەمی ڕێبەندانی ئەمساڵی ١٤٠٠ی کۆچیی ھەتاوی لە شاری ھەولێری ھەرێمی کوردستان ئامادە دەبن.

سەنجابیی شیرازی وتیشی: ھاوکات لەگەڵ ناردرانی ئەم شاندە بۆ ھەولێر دووھەمین کۆبوونەوەی بازرگانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەرێمی کوردستان بە ئامادە بوونی سەرکۆنسولگەرییەکانی ئێران لە ھەولێرو سلێمانی ، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی عەرەبی و ئەفریقیی ڕێکخراوەی گەشەی بازرگانیی ئێران، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆکانی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان بەرپا دەکرێت و بازرگان و چالاکانی ئابووریی ئێرانی و عێراقی لە میانەی ئەم ڕووداوە ئابوورییە دوو ڕۆژەیەدا پێکەوە دیدار دەکەن.

سەنجایی شیرازی ڕاشیگەیاند: بەرنامەیەکی دیکەی شاندە بازرگانییەکە لە ماوەی ئامادە بوونی لە ھەرێمی کوردستان بەرپاکردنی پیشانگایەکی لاوەکییە بۆ بەرھەمەکانی ئێران.

342/