AhlolBayt News Agency (ABNA)

source : ابنا کوردی
چوارشەممە

٥ ئاب ٢٠٢٠

١٠:٢١:٠٦ ب.ن
1060437

وڵاتانی جیهان پشتیوانی بۆ لوبنان دەردەبڕن

هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، فڕەنسا، بریتانیا، روسیا، یۆنان، ئێران، ئیسرائیل، سوریا، عێراق، ئوردن پێشنیازی هاوکاریکردنی پزیشکی بۆ حکومەتی لوبنان دەکەن

هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا، فڕەنسا، بریتانیا، روسیا، یۆنان، ئێران، ئیسرائیل، سوریا، عێراق، ئوردن پێشنیازی هاوکاریکردنی پزیشکی بۆ حکومەتی لوبنان دەکەن، هەندێکیشیان ئامادەییان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی روداوەکە دەربڕی.

ئێواره‌ی دوێنێ له‌ئه‌نجامی دو ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێز له‌به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان زیاتر له‌ 100 كه‌س كوژران و هه‌روه‌ها زیاتر له‌ چوار هه‌زار كه‌سیش برینداربون، دواتریش د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق شەوی رابردو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ میشێل عەون سەرۆکی لوبنان ئەنجامدا پشتیوانی و پشتگیری حکومەت و گەلی عێراقی بۆ گەلی لوبنانی دوپاتکردەوە.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی روداوی تەقینەوەکەی بەیروت خستەڕو، هەروەها ئامادەیی واشنتنیشی بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە دەربڕی.

ئیمانوێ ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا لە تویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هاوخەمی خۆی بۆ خەڵکی لوبنان دەربڕی و رایگەیاند، لە ئێستادا تیمێکی فریاکەوتن بەڕێکەوتون بۆ گەیاندنی هاوکاری پزیشکی بە بریندارەکانی روداوەکە.
نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل کراوەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە برینداربوانی روداوی تەقینەوەکەی بەیروت

لەلایەکی دیکەوە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی کراوەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە برینداربوانی روداوی تەقینەوەکەی بەیروت.

هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمی حوکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران پشنیازی بۆ حکومەتی لوبنان کردوە کە بریندارەکان بگوازنەوە بۆ ئێران تا چارەسەری پزیشکی پێویستیان بۆ ئەنجامبدرێت.

بەیانی ئەمڕۆش نیکۆس کریستۆدۆلیدس، وەزیری دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، "قوبرس ئامادەیە بریندارانی تەقینەوکی بەیروت لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی چارەسەربکات، یان تیمی پزیشکی بۆ هەمانمەبەست رەوانەی ئەو وڵاتە بکات".
کازمی فڕۆکەیەکی هاوکاری پزیشکی رەوانەی لوبنانکرد

لای خۆشییەوە ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاوخەمی خۆی و گەلانی عێراقی بۆ لوبنان دەربڕی و رایگەیاند، ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی هەمو جۆرە هاوکارییەک بە لوبنانییەکان بۆ ئەو مەبەستەش فڕۆکەیەکی هاوکاری پزیشکی رەوانەی لوبنانکرد.

لەلایەکی دیکەوە روسیا سێ فڕۆکەی هاوکاری پزیشکی رەوانەی لوبنان کرد بۆ هاوکاری برینداران، شای ئوردنیش تیمێکی گەڕۆکی نەخۆشخانەیەکی سشەربازی بۆ هەمان مەبەست رەوانەی بەیروت کرد.

پێشتریش هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا و بریتانیا ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی لوبنان دەربڕیبو، لە ئێستادا بەهۆی تەقینەوەکەی ئێوارەی دوێنێوە لە رەوشێکی خراپدایە و تا ئێستا زیاتر لە 100 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە چوار هەزار کەسی دیکەش برینداربون.