هەندێ خاڵی گرینگ هەیە کە وا دەکات، ئێران تیکەیەکی ئاسان نەبێت بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.

٢٨ نیسان ٢٠٢٦ - ١٤:٢١
Source: Mehrnews

 بەشی نێودەوڵەتی_ئەمیر مام والی: ئەم پرسیارە لەم ڕۆژانەدا مێشکی زۆرێکمانی سەرقاڵ کردوەو هەمیشە لامان دووبارە دەبێتەوە، ئەوەش ئەو پرسیارەیە کە بۆچی ئێران هاوشێوەی فەنزوێلا تیکەیەکی ئاسان نەبو بۆ ئەمریکا، یان بۆچی شکست پێهێنانی ئێران کارێکی ئاسان نیە! وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا دێڕێک نیە و کۆتایی پێ بێت بەڵکوو وەڵامەکە هەڵگری دەیان دێڕە، کە ئەگەر ئێران وەک: ( جوگرافیا، زمانی فارسی، مێژووەکەی )، نەزانیت و هەروەها لە هەمووی گرنگتر (مەزهەبی شیعە)، بەباشی نەناسیت، ناتوانیت وەڵامێکی تەواو بەو پرسیارە بدەینەوە.

لێرەدا هەوڵ دەدەم وەڵامێکی دروست و تەواو بەو پرسیارە بدەمەوە کە تیایدا چەندین خاڵی جیاواز لە خۆی دەگرێت.

یەکەم: جوگرافیای ئێران
جوگرافیایی ئێران یەکێکە لە سەختترین و ئاڵۆزترین جوگرافیایی ناوچەکە و جیهان، ڕووبەرەکەی زیاترە لە (یەک ملیۆن و سەد هەزار ), کیلۆمەتر چوارگۆشە. بۆ نمونە ئەگەر چەند وڵاتێکی وەک (فەرەنساو ئیسپانیا و ئەڵمانیا)، بلکێنیت بە یەکەوە ئەوا هێندەی ئێران نابن، ئەمەش وایکردوە ئێران شێوەی کیشوەرێک دەدات نەک وڵاتێک.
لە ڕوی ڕۆژئاوایەوە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس بە درێژایی ( ١٦٠٠ )، کیلۆمەتر بون بە قەڵایەکی سروشتی بۆ وڵاتەکە، کە بە یەکێک لە سەختترین زنجیرە چیاکانی جیهان دادەنرێت، لە باکورەوە زنجیرە چیاکانی ( ئەلبورز)، وەک قەڵایەک بە دەوریدا بە درێژایی ( ٩٥٠ )، کیلۆمەتر درێژ بوەتەوە.
لە ناوخۆیدا بونی بیابانەکانی ( لوت و کەویر)، و زەوییە وشکەکانی دیکە یەکێکی دیکەیە لە بەربەستەکانی ئێران لە بەرانبەر ئەمریکادا، بە جۆرێک کاتێک ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٠دا ویستی ئۆپەراسیۆنی( چنگی هەڵۆدا)، دیلەکانی سەفارەتی ئەمریکا لە تاران ڕزگار بکات هەر لەو بیابانەدا کۆپتەرەکانی تێکشکان و بەشێکی زۆری سەربازەکانی گیانیان لە دەستدا و ئۆپەراسیۆنەکەش شکستی هێنا.
لە هەمانکاتدا لە دەریاوە نزیکەی ( ٢٨١٥ )، کیلۆمەتر سنوری ئاوی هەیە و بە هێزی دەریایی و دەیانجۆری مین سنورە ئاوییەکانی کۆنتڕۆڵ کردووە.
کەواتە دەکرێت بڵێین جوگرافیا یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی بەهێزی ئێران لە بەرانبەر دووژمنەکانیدا.

دووهەم: هێزی چەکدار
جیاواز لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ئێران خاوەنی چەند هێزی چەکداری جیاوازە کە سەرەکی ترینیان ( سوپای پاسدارانە )، و هەروەها ئەرتەش کە ئەمەشیان هێزێکی دیکەیە، بەکۆی گشتی هەردوو هێزەکە نزیکەی ( ٩٥٠)، هەزار ئەندامی چالاکی هەیە، یەکێکی دیکە لە بازوەبەهێزەکانی ئێران بونی هێزەکانی بەسیجە( هێزی نافەرمی و مەدەنی)، کە ئەمەشیان نزیکەی ( چوار ملیۆن و پێنسەد هەزار)، ئەندامی هەیە و لە هەموو شاروشارۆچکەو گوندەکاندا بڵاو بونەتەوە، ئەمانەو بەدەر لە هێزەکانی وەزارەتی( ئیتڵاعات )و ناوخۆ ( نیروی انتظامی)، کە ژمارەیان دەگاتە سەرو ( ٣٥٠)، هەزار.

سێیەم:جەبهەی مقاومە ( بەرگری)
بونی هاوپەیمانیەکی گەورە لە هێزە چەکدارەکانی بەرەی مقاومە کە لە لوبنان و عێراق و یەمەن و هەندێک ناوچەی دیکەشدا بونیان هەیە، کە پشتوێنێکی ئەمنیە بۆ ئێران، هەر ئەمەشە وایکردوە کە ئێرانیەکان دەتوانن لە چەندین لاوە دووژمنەکانیان دەور بدەن و سەرقاڵی بکەن.

چوارەم: بونی پاڵپشتی ڕوسیاو چین
زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە هاوکاری چین و ڕوسیا دەکەن بۆ ئێران، چینیەکان لە میدیاوە ئەم پرسەیان رەتکردۆتەوە، بەڵام خستنە خوارەوەی چەندین فرۆکەو درۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل کارێک نیە بە تەنیا ئێرانی لە پشتەوە بێت!
هەروەها لێدان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەئامانجگرتنی ئوتێلەکان و پێگە سەربازیەکان و کۆمپانیاکانیان کارێک نیە کە ڕوسەکان تیایدا بێخەبەربن!

پێنجەم: موشەک و درۆن ( شارە موشەکیەکان).
پرسی بەرنامەی موشەکی ئێران یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ئیران و ئەمریکا. هەبونی ژمارەیەکی زۆر لە موشەکی جۆراو جۆر ( دروستکراوی ناوخۆی ئێران)، کە ژمارەی دەقیق لە بەردەستدا نیەو بەپێی هەندێک ڕاپۆرت ژمارەیان دەگاتە ( سی هەزار موشەک)، هەر وەها هەبونی چەندین شاری ژێر زەمینی و هەبونی دەیان هەزار درۆن، یەکێکی دیکەیە لە خاڵە بەهێزەکانی ئێران و دەتوانین بڵێین بڕبڕەی جەستەی ئێرانە بەرانبەر دووژمنەکانی.

شەشەم: گەروی هورمز

گەروی هورمز بە فارسی (تنگە هرمز) و بە عەرەبی(مضیق هرمز)، یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەكانی جیهان كە زیاتر تایبەتە بە جوڵەی كەشتییەكان، گەروەکە 52كیلۆمەترە ( 34 كیلۆمەتری دەكەوێتە تەنگەبەریی ) و قوڵیەكەشی تەنها (60) مەترە , وە پانی چونە ناوەوە و دەرەوەی دوو میلی دەریاییە كە دەكاتە 10 كیلۆمەتر و نیو , ڕۆژانە 20 تا 30 كەشتی نەوت هەڵگر پێیدا تێپەڕ دەبێت , بە جۆرێك هەر 6 خولەك بارهەڵگرێك لە لوتكەی تێپەڕبوندایە , و لە سەدا (٢٠)،ی نەوتی گوازراوەی جیهان دەكەوێتە گەروی هورمزەوە.

لە ئێستادا گەروی هورمز بە تەواوی لە لایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوەو تەنیا ڕێگە بە تێپەڕبونی ئەو کەشتیانە دەدات کە خۆی مۆڵەتی پێدەدات.
بونی ئەم گەروە لە بەردەست ئێراندا یەکێکە لە بەهێزترین کارتەکانی ئێران بەرانبەر بە دووژمنەکانی.

٧: مەزهەبی شیعە و شەهادەت

لە نوسینێکی پێشومدا باسی تیرۆرکردنی (ایت اللە خامنەی)، مان کرد کە چۆن بوو بە هۆکارێکی گەورەی پاراستنی ئێران، لە ناو شیعەکاندا مردن لە پێناو ئامانجدا ئاواتێکی مەزنە، شیعەکان وا بیر دەکەنەوە لە ژیاندا عاشق و مەعشوق هەیە، لە دیدی ئەواندا عاشق ئەو کەسەیە کە دەمرێت و مەعشوقیش ئیمام حسێنە، هەر بۆیە مردن بە پردێک دەبینن بۆ گەیشتن بە مەعشوقەکەیان ( ئیمام حسێن)، ئەوان کاتێک باسی ئیمام حسێن دەکەن وەک نوێنەری مەزڵومیەت و وەستان لە دژی زوڵمدا یادی دەکەن و شین دەکەن، هەر بۆیەش خۆیان بە مەزڵوم دەزانن و مردنیان لە دژی ئەمریکادا بەمەرگی ئیمام حسێن لە بەرانبەر زوڵمی یەزیددا دەبینن.

ئەم خاڵانەی کە باسمان کرد بەدیدی بەندە لە هەرەگرنگترین خاڵەکانە کە وایکردوە ئێران تیکەیەکی ئاسان نەبێت بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.

Your Comment

You are replying to: .
captcha