بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - سەید"عەبباس موسەوی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە لە دانیشتنی حەوتانەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی بەئاماژە بە ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەم دواییەی چەند شارێکی ئێران، وتی: ناخۆشتر لەوە پرسی دەستتێوەردانی وڵاتانی بیانی بوو کە کۆماری ئیسلامی ئیدانەو شەرمەزاری کرد.
موسەوی بەئاماژە بەوەی کە ناڕەزایەتی دەربڕین، مافی گەلەو ئەو مەسەلە لەیاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا باسکراوە، وتی: حیسابی ئاژاوەچیان و کەسانی بشێو و تێکدەری ئاسایش لە کەسانی ناڕازی جیایەو ئەو وڵاتانەی ئاگایانەوە خۆیان لەو بابەتە هەڵقورتاندووە دەبێ بەرپرسایەتی داکۆکی لە ئاژاوەگێڕان بگرنە ئەستۆ.
سەرۆکی ناوەندی دیپلۆماسی گشتی و میدیایی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامدانەوە بە پرسیاری بەشی دەرەوە سنوریی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران سەبارەت بە هەڵوەشانی مەعافیەتە ناڤۆکییەکانی "فۆردۆ" لەلایەن ئەمریکاوەو درێژەی هاوکاریی ئێران و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، وتی: ئەمریکا بە چوونەدەری نایاسایی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەجێگەو شوێنێک نییە کە لەبارەی وادەکانی ئێران هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لێدوان بکا، ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە کشاوەتەوەو بۆی نییە لەبارەی چالاکیی ناڤۆکیی ئێران قسە بکا.
موسەوی لەهەمان کاتدا پێی داگرت: هاوکاریی ئێران وئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بەردەوامەو راپۆری جۆراوجۆری ئاژانس لەبارەی پێبەندبوونی ئێران بە وادەکانی، پێشاندەری قووڵیی هاوکاریی دوولایەنەیە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیوای خواست؛ لە خولی بەڕێوەبەری گشتیی نوێی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، هاوکارییە دوو قۆڵییەکانی ئەو دەزگە نێودەوڵەتییە لەگەڵ ئێران درێژەی بێ و ئاژانس بەدور لە زەخت وگوشاری ژمارێک وڵات، بێلایەنیی خۆی بپارێزێ.
موسەوی هەروەها وێڕای ڕەت کردنەوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی کۆمکاری عەرەب لە قەبووڵکرانی باڵوێزی نوێی یەمەن لەلایەن ئێرانەوە، وتی: حکومەتی جێگیر لە سەنعا، حکومەتی یاسایی یەمەنە کە جێی باس و وتووێژی وڵاتانی جۆربەجۆر لەوان ئوروپاییەکان و ڕێکخراوی نەتەوەکانەو باڵوێز دەنێرێتە ئەو وڵاتانەی هۆگربن و تارانیش بە وەرگرتنی باڵوێزی حکومەتی یاسایی یەمەن، لەگەڵیاندا وەک وڵاتێکی دۆست و برادەر ڕەفتار دەکا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هاوپەیمانیی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی فارس وتی: ئاسایش، شتێک نییە کە بکرێ هاوردە بکرێ و یان بکڕدرێ بەڵکوو داڕێژراو لەسەر بنەمای هاوکاریی هەموو وڵاتانەو هەرچەشنە دەورگێڕانی وڵاتانی بیانی لەناوچەدا کێشەو ئاڵۆزیی لەناوچە پەرەپێ دەدا. موسەوی سەبارەت بە سەفەری "مایک پێنس" جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەی کوردستانی عێراق و داهاتووی پەیوەندیەکانی ئەو هەرێمە لەگەڵ ئێرانیس وتی: پەیوەندیی ئێران لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی ئەو وڵاتە ، ئیجابییەو تاران لەدۆخە دژوار و قەیرانییەکان یارمەتی حکومەتی ناوەندی وناوچەی کوردستانی داوە.
سەرۆکی ناوەندی دیپلۆماسیی گشتی و میدیایی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: سەفەری جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەی کوردستانی عێراق بەپێچەوانەی داب و نەریتی دیپلۆماتیک بوو و حکومەتی ناوەندیی عێراقیش کاردانەوەی پێشاندا بەو بابەتە.
........
340