١٤ تشرینی یەکەم ٢٠١٩ - ٠٩:٢٣
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا: تورکیا تاوانی جەنگی ئەنجامداوە

مارک ئیسپەر وەزیری بەرگریی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، تورکیا وا دەردەکەوێت کە تاوانی جەنگی ئەنجام دابێت لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (سی.بی.ئێس)ی ئەمەریکی، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بینەری چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بوو کە تیایدا چەند بەکرێگیراوێکی تورکیا خەڵکانی مەدەنی لەناو دەبەن، لەو کاتەشدا مارک ئیسپەر هاوڕا بوو لەوەی کە ئەوە تاوانی جەنگە.

 ئیسپەر وتیشی :"دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دۆخێکی زۆر مەترسیدارە و هۆکارەکەشی تورکیایە، چونکە سەرەڕای ئەوەی ئێمە دژی ئەو ئۆپەراسیۆنە بووین، بەڵام تورکیا ئەنجامیدا".

ئاماژەی بەوەکرد؛ کشانەوەی هەزار سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکە بەشێکە لە پلانێکی بەرنامەبۆداڕێژراو، لەوەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی ئاخۆ دوای شکانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ناوچەکە بە تەواوەتی رادەستی تورکیا دەکرێت، ئیسپەر وتی: من بەو جۆرە باسی لێوە ناکەم، بەڵام دەڵێم نامانەوێت سەربازە ئەمەریکییەکان بخەینە بەردەم نەهامەتی و ئەوەی لە بەرژەوەندیی سەربازەکانماندا بێن ئەنجامی دەدەین.

.........
340