٨ تشرینی یەکەم ٢٠١٩ - ١٠:٠٠
ئیدانە کرانی بڕیارەکەی تڕەمپ لە لایەن نانسی پلۆسیەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەتووندی ئیدانەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوە لە سوریای کرد و گوتی :" پێویستە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە".

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند : بڕیارەکەی ترەمپ جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە و ناپاکییە بە کوردانی هاوپەیمانمان، کە هاوبەشێکی گرنگ بوون لە ئەرکی لەناوبردنی داعش.

هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت" جارێکی تر ترەمپ لە هەوڵێکی بێمێشکانەیدا بۆ هێورکردنەوەی سەرکردەیەکی پاوانخواز،  دەست لە هاوپەیمانێک بەردەدات".

هەر لەڕاگەیەندراوەکەدا نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا  جەختیشیکردەوە: کە ئەو بڕیارە دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و پەیامێکی مەترسیداریشە بۆ ئێران و روسیا و هاوپەیمانەکانیشمان، کە دەبێت ترەمپ لەو بڕیارە مەترسیدارەی پاشگەز بێتەوە.

ئەوش لەکاتێکدایە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، کە شەوی  یەکشەممە 6-10-2019 ئەنجامدرا، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەمزووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێدەکات.

راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدابوو، هێزەکانی ئەمریکا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ناکەن و هاوکاری نابن، هاوکات بەربەستیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دروستناکەن.

ئەو راگەیەندراوەی کۆشکی سپی و دواتریش چەند توویتێکی دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتان و سیاسەتڤانانی لێکەوتەوە.

.........
340