(ABNA24.com) یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئیران لە کاروباری نێودەوڵەتی وتی: ئەورووپا دەبێ هەنگاوی بە کردەوە و کاریگەر بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵگرێ کە بێتوو وانەکات بە چاوی خۆیان دەبینن کە ئێران ڕێگایەکی نوێی گرتۆتە بەر.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئیران لە کاروباری نێودەوڵەتی ئێوارەی پێنجشەممە لە دیداری "یەنس پلووتنێر" Jens-Plutner بەڕێوەبەری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمان لە تاراندا وتیشی: هەڵنەگیرانی هەنگاوی بە کردەوە لە لایەن ئەورووپاییەکانەوە بۆ بەجێ هێنانی بەڵێن و ئەتۆگرییەکانیان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، خۆی گەورەترین لەمپەری سەر ڕێگای پاراستنی ئەم ڕێککەوتنەیە.
ئەمیرعەبدوڵاهیان راشکاوانە ڕایگەیاند: بەردەوام کرانی کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن ئەورووپاوە و وەڕێخستنی کەناڵێکی بانکی گرینگ و کاریگەر، بچووکترین هەنگاوێکە کە ئەروووپا دەتوانێ بەرامبەر بە کردەوە و ئاکاری نادرووستی کۆشکی سپی هەڵیگرێ.
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئیران لە کاروباری نێودەوڵەتی جەختی کرد: بەردەوام بوونی بەڵێندانی ئەورووپا بە بێ ئەوەی بەجێیان بێنێ، لە ئاکامدا چوونەدەری ئێران لە ڕێککەوتنی ئە تۆمی بە دواوە دەبێ.
ئەمیر عەبدوڵاهیان هەروەها بە ئاماژە بە پێوەندیی مێژوویی ئێران و ئەڵمان جەختی کرد لە سەر پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پێوەندییەکانی تاران و بەرلین.
"یەنیس پلوتنەر" بەڕێوەبەری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیش لەو دیدارەدا پێی داگرت لە سەر پێویستیی پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
ئەمیر عەبدوڵاهیان و پلوتنەر هەروەها سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچە، کاریگەریی سیاسەتە هەڵە و بەدوور لە ئاوەزەکانی ئەمریکا لە سەر جیهان و پێویستیی دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانەکانی ناوچە بیر و ڕایان گۆڕییەوە.
"یەنس پلوتنەر" بەڕێوەبەری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمان کە سەردانی تارانی کردووە، ڕۆژی پێنجشەممەیش چاوی بە "سەید عە باس عەراقچی" جێگری وەزیری دەروەی ئێران بۆ بەشی سیاسی کەوت و لەگەڵ ئەویش وتووێژی کرد.
/129
٢٥ ئایار ٢٠١٩ - ٠٩:٤٨
News ID: 944022
یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئیران لە کاروباری نێودەوڵەتی وتی: ئەورووپا دەبێ هەنگاوی بە کردەوە و کاریگەر بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵگرێ کە بێتوو وانەکات بە چاوی خۆیان دەبینن کە ئێران ڕێگایەکی نوێی گرتۆتە بەر.