هاوپەیمانییەك كە پێكهاتوە لە 16 ویلایەت لە ئەمریكا، داوای یاسایی لەسەر سەرۆكی وڵاتەكەیان تۆماردەكەن دژ بە پلانەكەی بۆ دروستكردنی دیواری سنوری نێوان مەكسیك و ئەمریكا.
لە رێگەی دادگاوە روبەڕوی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی وڵاتەكەیان بونەوە
بە پێی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی ئەمریكی، 16 ویلایەت لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە ویلایەتەكانی كالیفۆرنیا و نیویۆرك-ی تێدایە، دوێنێ دووشەممە لە رێگەی دادگاوە روبەڕووی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی وڵاتەكەیان بونەوە.
ئەوەش لە چوارچێوەی روبەڕوبونەوە دەستوریەكاندایە لە بەرامبەر بڕیارەكەی ترەمپ بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچەكەدا بە مەبەستی دروستكردنی دیواری سنوری نێوان، مەكسیك و وڵاتەكەی و خەرجكردنی 5 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بۆ ئەو پڕۆژەیە.
لە ناوەڕۆكی داوا یاساییەكەی ئەو 16ویلایەتەدا هاتوە، "بە مەبەستی پاراستنی دانیشتوانیان و سەرچاوە سروشتی و بەرژەوەندیە ئابوریەكان ئەو داوایەیان تۆماركردوە."
تەنها كۆنگرێس دەتوانێت بڕیار لە دروستکردنی دیوارەکە بدات
ئەو 16 ویلایەتە داوا یاساییەكەیان لە دادگای فیدراڵی سان فرانسیسكۆ لە ویلایەتی كالیفۆرنیا تۆماركردوە و رایانگەیاندوە، سەرۆكی وڵاتەكەیان مافی ئەوەی نیە پارەی كاروبارەكانی دیكەی وڵات بۆ دروستكردنی دیوارە سنوریەكە خەرجبكات و تەنها كۆنگرێس دەتوانێت بڕیار لەو بارەیەوە بدات.
ئەوە لەكاتێكدایە، هەینی رابردوو 15ی شوباتی 2019، دۆناڵد ترمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان بە مەبەستی دروستكردن و تەواوكردنی دیواری سنوری نێوان مەكسیك و وڵاتەكەی دۆخی نائاسایی راگەیاند لەكاتێكدا دیموكراتەكانی وڵاتەكەی لە ئەنجومەنی نوێنەران و كۆنگرێس و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی ویلایەتەكان و هاوڵاتیان ئەو كارە بە كارێكی نایاسایی دەبینن.
هاوكات، دەستوری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، رێگە بە ترەمپ دەدات باری نائاسایی رابگەیەنێت و لە پارەی تەرخانكراوی كاروبارەكانی دیكەی وڵات ببڕێت تا دیوارەكە دروستبكات، بەو مەرجەی دادگاكان و كۆنگرێس رێگری لێ نەكەن.